ڤیتامینB7 كە ناسراوە بە بایۆتین Biotin لە ئاودا دەتوێتەوە، یەكێكە لە خێزانی ڤیتامین B، ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە كرداری میتابۆلیزمدا، بەبێ ئەم ڤیتامینە فرمانی چەندین ئەنزیم كز و لاواز دەبێت و لەوانەیە ببێتە ئەگەری چەندین كێشەی تەندروستی لە پێست، كۆئەندامی هەرس، كۆئەندامی دەمار. بایۆتین ڕۆڵی هەیە لە جێگیركردنی ئاستی شەكری خوێن بەتایبەتی لە تووشبووان بە نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەم، هەروەها گرنگی هەیە بۆ تەندروستی نینۆك و قژ، لەوانەشە كە ڕۆڵی هەبێت لە پاراستنی كۆرپە لە تووشبوون بە سەقەتە زگماكییەكان. ڤیتامینB7 بە شێوەی دەرمان بۆ چارەسەركردنی گەلێك حاڵەت و نەخۆشی سوودی لێوەردەگیرێت، لەمانە شێرپەنجە، قژڕووتانەوە، نەخۆشی پاركینسۆن Parkinson’s، هەوكردنی دەمارەكانی دەورووبەر، هەوكردن بە كەڕووی كاندیدا Candidiasis. سەرچاوە خۆراكییە دەوڵەمەندەكانی ڤیتامینB7 بریتین لە: گۆشتی ئەندامەكان، جۆ، گەنمەشامی، زەردێنەی هێلكە، نان، هەنگوین، شیر، پەنیر، میوەی ئەڤۆكادۆ، برۆكۆلی، قەرنابیت، مریشك، ماسی، پاقلەمەنییەكان، كوارگ، كاكڵەكانی وەكو گوێز و باوی و كازو، پەتاتە، سپێناغ. ئەگەرچی كەمی ڤیتامینB7 حاڵەتێكی دەگمەنە لە سەرردەمی ئێستاماندا، بەڵام هێشتا لە هەندێك شوێنی جیهاندا بەدی دەكرێت و نیشانەكانی بریتین لە: هەوكردنی پێست، شكان و ناسكبوونی نینۆكەكان، قژهەڵوەرین، هەستكردن بە ماندووبوون، ئازاری ماسوڵكەكان، گرفت لە كۆئەندامی هەرس و دەمارەكان. پێویستی ڕۆژانەی مرۆڤێكی پێگەیشتوو لە ڤیتامینB7 بریتییە لە 30 مایكرۆگرام.