لێكدانی ددانەكان لەكاتی نووستندا

لێكدانی ددانەكان  لەكاتی نووستندا
لێكدان یان جیڕەی ددانەكان لەكاتی نووستندا Bruxism ڕوودەدات لەبەر زیادبوونی چالاكی كاردانەوەی جوین و هەرگیز وەكو نەرێتێك نییە كە لە هەندێك كەسدا بەدی بكرێت. ئەگەرچی كاردانەوەی جوین بەندە بە كۆنترۆڵی دەماری تایبەت بە گرژ و خاوبوونەوەی ماسوڵكەكانی جوین، بەڵام شانەكانی مێشك بە شێوەیەكی سەرەكی كۆنترۆڵی كرداری جوین دەكەن. جیڕەی ددانەكان ڕوودەدات كە لەكاتی نووستندا كاردانەوەی جوین لە حاڵەتێكی ئاكتیڤدا دەبێت و مێشك بە شێوەیەكی كاتی كۆنترۆڵكردنی جوین لەدەست دەدات. لێكدانی ددانەكان لە منداڵاندا تەنیا لەكاتی نووستندا بەدی دەكرێت، كەچی لە پێگەیشتووەكاندا لەكاتی ڕۆژ و لەكاتی نووستندا بەدی دەكرێت. گەلێك لە تووشبووان بەم كێشەیە دركی پێناكەن تا یەكێكی تر ئاگاداریان نەكاتەوە. ئاكامە خراپەكانی لێكدانی ددانەكان لەكاتی نووستندا بریتین لە: سووانی ددانەكان و تەنكبوونیان Chipped teeth، لەدەستدانی چینی مینای ددانەكان، هەستیاربوونی ددانەكان، ئازار لە شەویلاك، گرژبوونی ماسوڵكەكانی جوین، ئازار لە گوێیەكاندا، سەرئێشە، ئازار لە ناوچەی دەموچاودا، ئازار لە شانەكانی ناوەوەی ڕوومەت. تا ئێستا هۆكاری تەواوی ئەم گرفتە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام سترێس و پەستی و تووڕەبوون ڕۆڵیان هەیە لە تووشبووندا، هەندێك جاریش شكستهێنان لە كارێكدا ڕۆڵی هەیە، لە منداڵاندا گەشەی شەویلاك و ماسوڵكەكانی شەویلاك و ددانەكان ئەم كێشەیە پەیدا دەكەن. لە زۆربەی حاڵەتەكاندا پێویست بە هیچ چارەسەرێك ناكات، بەگشتی ڕێگاكانی كۆنترۆڵكردنی لێكدانی ددانەكان بریتین لە: سووككردن و چارەسەركردنی سترێس، بەكارهێنانی ئامێری تایبەت لە دەمدا بۆ ڕێگرتن لە لە لێكادانی ددانەكانDental splints، بەكارهێنانی دەرمانی خاوكەرەوەی ماسوڵكەكان.
Top