پرۆتینەكان Proteins پێكهاتووی ئۆرگانی ئاڵۆزن و یەكەی بنچینەیی بینای شانەكانی لەشن، هەروەها هەموو ئەنزیمەكان كە بزوێنەری زیندە كارلێكە كیمیاییەكانی لەشن لە پرۆتین پێكهاتوون، زۆربەی هۆرمۆنەكانیش لە پرۆتین پێكهاتوون. پرۆتینەكان لە ژمارەیەكی زۆری یەكەی بچووكتر پێكهاتوون كە بە ترشە ئەمینییەكان Amino acids ناوزەد دەكرێن. لەش پێویستی بە 20 جۆری ترشە ئەمینییە بۆ دروستكردنی پرۆتینەكانی، لەش دەتوانێت تەنیا 13 جۆر ترشە ئەمین دروست بكات، 9 جۆرەكەی تر پێویستە كە لە ڕێگای خۆراكەوە دابین بكرێن، بۆیە پێیان دەووترێ ترشە ئەمینە زەروورەكان. بە گوێرەی ئەوەی كە كام لە ترشە ئەمینییەكان بەشدارن لە جۆرێكی پرۆتیندا، مۆلیكیولی ئەم پرۆتینە دەبێتە ئەنزیم یان هۆرمۆن یان ماسوڵكە یان هەر شانە و ئەندامێكی تری لەش، پێویستی ئافرەت بە پرۆتینی جۆراوجۆر لەكاتی دووگیانیدا زیاد دەبێت بۆ گەشەكردنی شانە و ئەندامەكانی كۆرپە. لەكاتی شیردانیشدا پێویستی ئافرەت بە پرۆتین زیاد دەبێت، هەروەها لە ئافرەتە وەرزشوانەكاندا. پرۆتین لە خۆراكی ئاژەڵی و ڕووكییەوە سەرچاوەدەگرێت، بۆ نموونە: گۆشت، پەڵەوڕ، ماسی، هێلكە، شیر و بەرهەمەكانی، پاقلەمەنییەكان، كاكڵەكان، تۆوەكان، بەرهەمەكانی سۆیا، دانەوێڵە. ئافرەت بە تێكڕایی ڕۆژانە نزیكەی 45 گرام پرۆتینی پێویستە، لەكاتی ئاساییدا بڕی زیادی پرۆتین لە خۆراكی ڕۆژانەدا باش نییە.