حەبی مــــــــــــــــــــــــەگنسیۆم

حەبی مــــــــــــــــــــــــەگنسیۆم
كانزای مەگنسیۆم Magnesium ئەو كانزایەیە كە پێویستە بۆ چەندین كارلێكی زیندەكیمیایی لە لەشدا كە گرنگن بۆ فرمانی دروستی ماسوڵكە و دەرمارەكان. نیوەی ئەو بڕە مەگنسیۆمەی كە لە لەشدایە لەئێسكەكاندا خەزن دەكرێت، نیوەكەی تر لەخانە و شانە و ئەندامەكاندایە. پێویستی ڕۆژانە لەمەگنسیۆم دەگۆڕێ بەگوێرەی تەمەن و ڕەگەز، بۆ نموونە پیاوێكی پێگەیشتوو ڕۆژانە 400-420 ملگم مەگنسیۆمی پێویستە، ئافرەتیش نزیكەی 310-320 میللیگرامی پێویستە. سەرچاوە خۆراكییەكانی مەگنسیۆم بریتین لە: سەوزە گەڵا تاریكەكان وەكو سپێناغ، پاقلەمەنییەكان، كاكڵەكان وەكو گوێز و باوی و كازو، تۆوەكان و دانەوێڵەی تەواو، شوفان Oatmeal، ماست. كەمی مەگنسیۆم لەخۆراكدا گرفتی تەندروستی پەیدادەكات، نیشانەكانی كەمی مەگنسیۆم لە لەشدا بریتین لە: هەستكردن بەهیلاكی و ماندووبوون، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، هێڵنج و هەندێك جاریش ڕشانەوە، سڕبوون و تەزین لەپەلەكاندا، ئازار لەماسوڵكەكان، تێكچوون لەڕیتمی لێدانەكانی دڵدا. بەگشتی كەمبوونی مەگنسیۆم لە لەشدا ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشی لەكۆئەندامی دڵ و سووڕاندا زیاد دەكات. كەمی مەگنسیۆم ڕوودەدات لەئەنجامی: كەمی مەگنسیۆم لەخۆراكدا، وەكو زیانی لابەلای هەندێك دەرمان، نەخۆشی شەكرە، ڕاهاتن لەسەر خواردنەوەی ئەلكهول، نەخۆشی لەڕیخۆڵەدا بەتایبەتی نەخۆشی كرۆن Crohn’sو نەخۆشی سیلیاك Celiac، هەروەها لەپاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری ڕیخۆڵە. ئەگەرچی بەكارهێنانی حەبی مەگنسیۆم سەلامەتە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەر باشترە كە بەڕێنمایی دكتۆر بێت.
Top