ئایا زیاد كوڵاندنی ئاو زیانبەخشە؟

ئایا زیاد كوڵاندنی ئاو زیانبەخشە؟
كۆڵاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ چەند جارێك هەرگیز نابێتە ئەگەری هیچ كێشەیەكی تەندروستی بەمەرجێك ئاوەكە بەهیچ ماددەیەكی كیمیایی ئالودە نەبووبێت. بەگەرمكردنی ئاو تا 100 پلەی سەدی كە پلەی گەرمی كوڵاندنە هەموو میكرۆبەكانی ناوی لەناودەچن ئەگەر بەهەر میكرۆبێك ئالودە بووبێت. بەهەرحاڵ، كوڵاندنی ئاوێك كە بەماددەی كیمیایی وەكو ئاوێتە نایترێتەكان Nitrates یان توخمی ژەهراوی وەكو ئارسنیك Arsenic پیس بووبێت ئەو كاتە لەگەڵ دووبارە و سێبارە كوڵاندنەوەی ئاو و بەهەڵمبوونیدا چڕی ئەم ماددە زیانبەخشانە زیاتر دەبێت و ئەگەری گرفتی تەندروستی زیاتر دەبێت، چونكە خواردنەوەی ئەو ئاوە واتە گەیشتنی بڕێكی زیاتر لەم مادە كیمیاییانە بەلەش. ئاوی ژێر زەوی یان ئاوی زەوی Ground Water لەوانەیە كە مادەی نایترێتەكان لەخۆبگرێت كە لەناو پەینەكاندا بەكار دەهێنرێت، هەروەها مادەی ئارسینیك لەخۆبگرێت كە لەپاشەڕۆی پیشەسازییەكان و كێڵگەكاندا هەیە، نایترێت و نایترایتەكان لەپیشەسازی خۆراكدا بەتایبەتی گۆشت و لەناو گۆشتی قوتوودا بەدی دەكرێن. خواردنەوەی ئاوێك كە بەمادە نایترێتەكان ئالودە بووبێت، لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری نەخۆشی لەخوێنداMethemoglobinemia ، لەچەند لێكۆڵینەوەیەكیشدا هاتووە كە نایترێتەكانی ناو ئاوی خواردنەوە لەوانەیە كە ببنە ئەگەری چەند جۆرێكی شێرپەنجە. هەورەها مادەی ئارسینیك ژاراویبوون پەیدا دەكات و دەبێتە هۆی چەندین جۆری شێرپەنجە.
Top