ڤیتامین D ڕۆڵێكی گرنگی هەیە بۆ هەڵمژینی كالسیۆم لەكۆئەندامی هەرسدا. ڤیتامین D لەخۆراك و بەركەوتنی پێست بەتیشكی خۆر سەرچاوەدەگرێت، سەرچاوە خۆراكییە دەوڵەمەندەكانی ڤیتامین D بریتین لە: زەردێنەی هێلكە، جگەر، ماسی ئاوی شۆر، شیر و بەرهەمەكانی. بۆ یەكێكی پێگەیشتوو ڕۆژانە 400 -800 یەكەی جیهانی I.U لەڤیتامینD پێویستە. كالسیۆم جگە لەئێسك و ددانەكان، زۆر پێویستە بۆ تەندروستی دڵ و ماسوڵكەكان و دەمارەكان، هەروەها بۆ كرداری مەیینی خوێن. كەمی كالسیۆم لەخۆراكدا هۆكارێكە بۆ تووشبوون بەپووكانەوەی ئێسك Osteoporosis. لەلێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە كەمی كالسیۆم لەخۆراكدا بەدرێژایی تەمەن هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی بارستایی ئێسك و زوو شكانی ئێسك هەتا بەزەبرێكی دەرەكی سووك. بەكارهێنانی هەندێك دەرمان، تەمەن، هەروەها لەئافرەتدا وەستانی یەكجارەكی عادە Menopause هۆكارن بۆ تاودانی كرداری پووكانەوەی ئێسك. ئەوە ڕوونكراوەتەوە كە خۆپاراستن لەپووكانەوەی ئێسك تەنیا بەكالسیۆم ئەنجام نادرێت و هەرگیز كالسیۆم نایەتە ڕیزی ئەو دەرمانانەی كە بۆ ڕێگرتن لەونكردنی ئێسك بەكاردێن. كەواتە بۆ پەیڕەوكردنی بەرنامەیەكی تەواوی خۆپاراستن لەپووكانەوەی ئێسك، پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكە: ڕۆژانە خۆراكی دەوڵەمەند بەكالسیۆم كە بەلای كەم 1000 ملگم لەخۆبگرێت، ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی ڕۆژانە، بەكارهێنانی شیری بێ لاكتۆز یان شیر لەگەڵ ئەنزیمی لاكتێزدا Lactase بۆ كەسانی تووشبوو بە بەرگەنەگرتنی شیر Lactoe intolerance، كەمكردنەوەی خوێ و پرۆتین لەخۆراكی ڕۆژانە، بەكارهێنانی دەرمانی تایبەت بەڕێنمایی دكتۆر.