كەمخوێنی Anaemia واتە كەمبوونەوەی ڕێژەی هیمۆگلۆبینی خوێن كە لەناو خڕۆكە سوورەكاندایە و زۆر گرنگە لەكرداری گواستنەوەی گازی ئۆكسجین لەسییەكانەوە بۆ هەموو خانەكانی لەش و گواستنەوەی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لەخانەكانەوە بۆ سییەكان. هیمۆگلۆبین، لەپرۆتێنێك و كانزای ئاسن پێكهاتوووە و ڕەنگێكی سووری هەیە. كەمخوێنی لەبەر كەمی كانزای ئاسن لەهەموو جۆرەكانی تر باوترە، لێرەدا خڕۆكە سوورەكان لەقەبارەدا بچووك دەبنەوە و ڕەنگیان كاڵ دەبێت. كەمی ئاسن لەخۆراكدا بەهۆكاری ڕاستەوخۆی ئەم جۆرەی كەمخوێنییە دادەنرێت، لەمنداڵاندا، بوونی مشەخۆر و كرم لەڕیخۆڵەدا بەهۆكاری دووەمی ئەم جۆرە كەم خوێنییە دادەنرێت. ئەو خۆراكانەی كە بڕێكی باشیان لەئاسن تێدایە بریتین لە: گۆشتی سوور، جگەر، زەردی هێلكە، ڕووەكە پاقلەییەكان، نیسك، سپێناغ. هەروەها بەبڕێكی كەمتر هەیە لەڕووەكە گەڵاسەوزەكان و هەندێك میوەدا. مرۆڤی پێگەیشتوو ڕۆژانە 15 ملگم كانزای ئاسنی پێویستە. خڕۆكە سوورەكانی خوێن لەناو مۆخی ئێسكدا دروست دەبن، بۆ ئەم مەبەستە چەندین ماددە یان كەرەستەی خاو پێویستن وەكو پرۆیتین، ئاسن، ڤیتامین B6، ڤیتامین B12، فۆلیك ئەسید، كالسیۆم، ڤیتامین C، بۆیە پێویستە كە ڕۆژانە بڕێكی باشی سەوزە و میوە لەخۆراكدا هەبێت. ڤیتامین C یارمەتی هەڵمژینی كانزای ئاسن لەكۆئەندامی هەرس دەدات.