چەوەندەری زەرد Yellow beets یان چەوندەری زێڕین شیرینییەكەی لەچەوەندەری سوور كەمترە، خاوەن بەهایەكی خۆراكی بەرزە بەتایبەتی كە ڕێژەیەكی بەرزی پۆتاسیۆم لەخۆدەگرێت كە دەگاتە نزیكەی 270 ملگم لەدانەیەكی بچووكدا كە تیرەكەی 5 سانتیمەتر بێت، كانزای پۆتاسیۆم زۆر گرنگە بۆ گرژبوونەوەی ماسوڵكەی دڵ و ڕۆڵی هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی پەستانی خوێن. هەروەها یەك دانە چەوەندەری زەرد نزیكەی 2.5 گرام ڕیشاڵی Fiberتێدایە كە گرنگی زۆری هەیە بۆ ڕێكخستنی كۆئەندامی هەرس و كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش. هەروەها چەوەندەری زەرد ترشی فۆلیك لەخۆدەگرێت بەڕێژەی 90 مایكرۆگرام لەیەك دانەی بچووكدا، ترشی فۆلیك Folic acid كە یەكێكە لەكۆمەڵەی ڤیتامین B ڕۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ گەشەی خانە و پەرەسەندنیدا كە DNA ناو ناوكی خانەش دەگرێتەوە، هەروەها ڕۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ پاراستنی كۆرپە لەتووشبوون بەسەقەتە زگماكییەكان لەئافرەتی دووگیاندا. چەوەندەری زەرد سەرچاوەیەكی باشە بۆ كانزای ئاسن بەوەی كە لەیەك دانەدا نزیكەی 0.66 ملگم هەیە، ئەم كانزایە بەشێكی گرنگی هیمۆگلۆبین پێكدێنێت كە بەرپرسە لەگواستنەوەی گازی ئۆكسجین لەسییەكانەوە بۆ هەموو خانەكانی لەش.