ڤیتامین B6 بۆ تەندروستی مێشك

ڤیتامین B6 بۆ تەندروستی مێشك
ڤیتامین B6 یان پایریدۆكسین Pyridoxine لەئاودا دەتوێتەوە، فرمانی گلاندی ئەدرینال باشتر دەكات، تەندروستی كۆئەندامی دەمار دەپارێزێت، زۆر گرنگە لەكرداری میتابۆلیزمدا لەوكاتەی كە وەكو كۆئەنزیم كاردەكات بۆ تێكشكاندن و سوودوەرگرتن لەكاربۆهیدرات و چەوری و پرۆتینەكان. ڤیتامین B6 یارمەتی دەردانی ماددە گەیەنەرەكانی نێوان خانە دەمارەكان Neurotransmitters دەدات، ئەو ماددە كیمیاییانەی كە گرنگن لەپێوەندی مێشك بەدەمارەخانەكانەوە. سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین B6 بریتین لە: شیر، پەنیر، هێلكە، ماسی، مۆز، دانەوێڵە، پاقلەمەنییەكان، گێزەر، سپێناغ، نۆك، پەتاتە، تۆوی گوڵەبەڕۆژە. گەلێك حاڵەت و نەخۆشی ئەگەری تووشبوون بەكەمی ڤیتامین B6 زیاتر دەكەن وەكو: ڕاهاتن لەسەر خواردنەوەی ئەلكهول، مۆمبوونی جگەر، زیاد دەردانی هۆرمۆنەكانی گلاندی دەرەقی، پەككەوتنی دڵ. نیشانەكانی كەمی ڤیتامین B6 بریتین لە: گرفت لەدەمارەكانی دەست و قاچەكان، گۆڕان لەسروشتی خانەكانی ملی منداڵدان، هەوكردنی پێست، قڵیشان و كولبوونی لێوەكان، هەوكردنی دەم و هەوكردنی زمان، خەمۆكی، خەوزڕان. ڤیتامین B6 لەپزیشكیدا بەشێوەی حەب یان دەرزی بۆ چارەسەركردن و كۆنترۆڵكردن یان سووككردنی نیشانەكانی چەندین نەخۆشی سوودی لێوەردەگیرێت، بۆ نموونە ئازارەكانی عادە، خەمۆكی، هەوكردنی جومگەكان، نەخۆشی شەكرە، نۆرەكانی ڕەبو، شێرپەنجەی سییەكان، زیپكەی گەنجێتی، ڕەقبوونی خوێنبەرەكان. پێویستی ڕۆژانەی ڤیتامین B6 بۆ پێگەیشتووان بریتییە لە1-2 ملگم.
Top