پێستی لووت ژمارەیەكی زۆری گلاندەكانی چەوری لەخۆدەگرێت كە بەردەوام ماددەیەكی چەور دەردەن بەڕێگای جۆگەی باریك و كونی بچووك لەسەر پێستدا، گەلێك جار كونی جۆگەكان دەگیرێت و بەكاریگەری بەكتریا و چڵكی هەوا و دەوروبەر دەبێتە هۆی پەیدابوونی پنتی ڕەش Blackheads یان زیپكە، لەوانەشە ببێتە هۆی گەورەبوون و بەرجەستەبوونی كونەكان یان پەیدابوونی ئاسەوار لەسەر پێستی لووتدا. لەڕاستیدا مانەوەی ئەم كونانە بەكراوەیی زۆر گرنگە بۆ گەیشتنی ماددە چەورەكەی گلاندەكان بەپێست بەمەبەستی پاراستنی نەرمی و تەڕێتی پێست. تا ئێستا هیچ ڕێگا چارەیەك بۆ داخستنی هەمیشەیی كونەكان لەئارادا نییە، بەڵام بەچەندین هەنگاو دەكرێ كە قەبارەی كونەكان بەبچووكی بمێنێتەوە و كەمتر بەرجەستە و دیاربێت. یەكێك لەم هەنگاوانە بریتییە لەبەكارهێنانی لەزگەی پاككردنەوەی پێستی لووت Nose Cleansing Strips كە پاش تەڕكردنی پێستی لووت ڕاستەوخۆ بەكاردێت و بۆ ماوەی 10- 20 خولەك دەمێنێتەوە ئینجا كە لەزگەكە وشك دەبێت و بەئاسانی لادەبرێت، پاش ماوەیەكی كورت كونەكان تا ڕادەیەكی باش نادیار و ون دەبن. بەكارهێنانی لەزگەی پاككردنەوەی پێستی لووت لەو كەسانەی كە خاوەنی پێستی هەستییار و ناسكن دەبێتە هۆی سووربوونەوە و سووتانەوەی پێست، بۆیە بەكارنەهێنانی باشترە، هەروەها نابێت كە ئەم لەزگەیە بۆ شوێنە هەستیارەكانی تری دەموچاو بەكاربێت.