چۆن كێشت زیاد دەكەیت؟

چۆن كێشت زیاد دەكەیت؟
ئەگەر دەتەوێت كە چەند كیلۆگرامێك كێشی لەشت زیادبكەیت، ئەوە بزانە كە تەنیا بەخۆراك ئەنجام نادرێت، بەڵكو ئەم مەسەلەیە جگە لەخۆراك بەندە بەباری دەروونی و تەندروستی گشتی و جووڵەی بەدەنی ڕۆژانە. پێش ئەوەی كە پەیڕەوی بەرنامەیەكی تایبەتی خۆراك بكەیت پێویستە كە بەوردی پەیڕەوی چوار خاڵ بكەیت: یەكەم، ئایا تۆ لەڕاستیدا لاوازیت بەگوێرەی درێژی باڵا و تەمەنت؟ دووەم، دەبێ بەتەواوی دڵنیا بیت لەوەی كە ئەم لاوازییەت لەبەر هیچ نەخۆشییەك نییە و باری دەروونیت جێگیرە. سێیەم، پێویستە كە خۆراكی ڕۆژانەت هاوسەنگە واتە بڕی تەواو لەپڕۆتین، كاربۆهایدرات، ڤیتامینەكان و چەورییەكان لەخۆدەگرێت. چوارەم، ئایا هاوسەنگی هەیە لەنێوان بڕی خۆراك و سەرفكردنی وزە؟ واتە چۆن و كەی خۆراك دەخۆیت و كەی دەكەویتە كار یان جووڵەی بەدەنی. ئەگەرچی زیادكردنی كێشی لەش لەدابەزاندنی زەحمەتترە، بەڵام هەرگیز مەحاڵ نییە بەمەرجێك تەنیا لەژێر چاودێری دكتۆر ئەنجام بدرێت. پێویستە خۆراكەكان تەندروستییانە بن، بۆ نموونە ئەو خۆراكانەی كە وزەیەكی بەرزیان تێدایە لەگەڵ ڕێژەی باش لەپرۆتین و ڤیتامین و كانزایەكان وەكو شیر، پەنیر، گۆشت، ماسی، پەڵەوڕ، میوە شیرینەكان، دانەوێڵە، هێلكە، پەتاتە. جگە لە3 ژەمە سەرەكییەكە، پێویستە 2-3 ژەمی بچووك لەنێوانیاندا بخۆیت، با ژەمی بەیانییانت گەورەترین و باشترین ژەم بێت، تەنیا یەك پەرداخ ئاو لەگەڵ ژەمەكاندا بخۆرەوە، پاش ژەمەكان بۆ ماوەی نیو كاتژمێر پشوو بدە، بەڵام هەرگیز ڕاستەوخۆ پاش ژەمە سەرەكییەكان مەخەوە، با ژەمی ئێوارانت سووك بێت و بەلای كەم 2 كاتژمێر لەكاتی نووستن دووربێت.
Top