زۆر كەس پێیوایە كە خواردنی پاقلاوە یان گوڵەبەڕۆژە یان شوكوڵاتە دەبێتە ئەگەری سەرهەڵدانی زیپكەی گەنجێتی Acne vulgaris یان خراپتربوون و گەورەبوونی زیپكەكان. لەڕاستیدا زیپكەی گەنجێتی كە باوترین نەخۆشی گلاندە چەورییەكانی پێستە و لەتەمەنی هەرزەكاریدا لەبەر كاریگەری هۆرمۆنی بەتایبەتی ئەندرۆجینەكان سەرهەڵدەدات پێوەندییەكی ڕاستەوخۆی بەجۆری خۆراكەوە نییە، بەگوێرەی توێژینەوەكان لەم بارەیەوە ئەگەر پێوەندییەكیش هەبێت، ئەوا پێوەندییەكی لاوازە و تەنیا لەچەند حاڵەتێكی تایبەتدا بەدی دەكرێت، بۆ نموونە زیاد خواردنی شیرینی و چەوری لەهەندێك كەسدا لەوانەیە كە ببێتە هۆی كەمێك دژوارتربوونی زیپكەكان نەك سەرهەڵدانیان. هەروەها، هەندێك سەنتەری نەخۆشییەكانی پێست پێیان باشە كە خواردنی شیر و بەرهەمەكانی كەم بكرێنەوە لەو كاتەی هەندێك لەشیر و بەرهەمەكانی شیر هۆرمۆن لەخۆدەگرن كە ئەمانە بەرپرسیارن لەسەرهەڵدان یان وروژاندنی زیپكەی گەنجێتیدا نەك خودی شیر یان بەرهەمەكانی یان شیری ئۆرگانیك Organic كە هیچ دەرمان و هۆرمۆن لەخۆناگرێت. لەوانەشە كە زیاد خواردنی كاربۆهیدراتی سافكراو وەكو ئاردی سپی ببێتە هۆی گرفت لەڕێكخستنی هۆرمۆنی ئینسولین لە لەشدا كە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی خانە كیراتینییەكان لەپێستدا كە پێوەندی بەزیپكەوە هەیە.