كە دڵ گرژ دەبێتەوە بۆ پاڵنانی خوێن بەناو خوێنبەرەكان و دابەشكردنی بەسەر هەموو بەشەكانی لەشدا، بەرگری خوێنبەرەكان بۆ دابەشبوونی خوێن پەستانی خوێن پەیدا دەكات، لەزۆربەی حاڵەتەكاندا لەبەر هۆكاری نادیار و هەندێك جاریش لەبەر هۆكاری دیار پەستانی خوێن بەرز دەبێتەوە. بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن Hypertension كە بەبكوژی بێدەنگ ناسراوە تا ئێستا چارەسەرێكی بنبڕ و یەكجارەكی بۆ نەدۆزراوەتەوە، بۆیە بۆ كۆنترۆڵكردن و خۆپاراستن لە ئاڵۆزییەكانی، تووشبوو دەبێ تا لەژیان ماوە پابەندی پارێزی خۆراك و وەرگرتنی دەرمانەكانی بێت، ئەگینا پەستانی بەرزی خوێن ئەگەر كۆنترۆڵ نەكرێت، ئاڵۆزی تەندروستی گەورە و مەترسیداری لێدەكەوێتەوە. تووشبووان بەپەستانی بەرزی خوێن پێویستە كە خوێ لەخۆراكیاندا تا ڕاددەیەكی زۆر كەم بكەنەوە كە ڕۆژانە لە1500 ملگم كەمتر بێت جا خوێی مێز یان خوێی شاراوەی ناو ترشیات و خۆراكە قووتووبەندەكان و ساس و مایۆنێز و...تاد، هەروەها پێویستە كە خۆیان تا ڕادەیەكی زۆر بپارێزن لەخواردنی ئەم خۆراكانە: چەورییە تێرەكان و كۆلیستیرۆل، بۆ نموونە گۆشتی سوور، جگەری ئاژەڵ یان پەڵەوڕ، زەردێنەی هێلكە، سەرتوو و قەیماغ، شیری چەوری تەواو، ئایس كرێم، كێك و هەویركارییەكان، شەكر و شیرینی و قەنادی، كافائین، خواردنەوەی ئەلكهول. وا باشترە كە تووشبووان زیاتر ئەم خۆراكانە بخۆن: ماسی ڕووبار و ئاوە شیرینەكان وەكو ماسی سالمۆن و تونا و مەكارێل، پیاز و سیر، زەیتی زەیتوون، كەرەوز، سەوزە و میوەی جۆراوجۆر، دانەوێڵەی تەواو، بەروبوومە پاقلەییەكان، پەتاتە بەكوڵاندن نەك سووركردنەوە لەزەیتدا.