بەگشتی ئەو خۆراكانەی كە سوودبەخشن بۆ پێست و باشتركردنی سووڕی خوێن بەهەمان شێوە بۆ قژیش زۆر سوودبەخش دەبن. ئەو پرۆتینانەی كە لە بەرووبوومی ئاژەڵییەوە سەرچاوە دەگرن بەتایبەتی ماسی، جگەر، گرنگی زۆریان هەیە بۆ ڕەگەكانی قژ. هەروەها ڤیتامین A، كۆمەڵەی ڤیتامین B، ڤیتامین C، ڤیتامین E یەكجار گرنگن بۆ تەندروستی ڕەگی مووەكان. زەیتە ناتێرە ڕووەكییەكان سوودی زۆریان بۆ تەندروستیی قژ هەیە، ئەم چەورییە باشانە لەفستق و باوی و گوڵەبەڕۆژەدا هەن و ڕێژەیەكی باش لەڤیتامین E لەخۆدەگرن. هەروەها گەڵا سەوزە تاریكەكان میوە مزرەكان و ئەڤۆكادۆش بەماددە خۆراكییە گرنگەكانیانەوە، هەروەها ماسی سەلەمۆن، كونجی، كوارگ، پەنیر، مریشك بەڕێژە بەرزەكانیان لە كۆمەڵەی ڤیتامین B ڕۆڵی گرنگییان هەیە بۆ پاراستن و بوژاندنەوەی ڕەگی مووەكان و تەندروستیی قژ. جگە لەمانە، پسپۆڕانی پێست جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە بۆ پاراستنی تەندروستیی قژ، پێویستە كە خۆراكی ڕۆژانە بڕی تەواوی لەخوێیە كانزاییەكانیش تێدابێت كە گرنگن بۆ سووڕی خوێن و پێست، كانزایەكانی كالسیۆم، ئاسن، مەگنسیۆم، كۆپەر، كۆبالت، یۆد، زینك(تۆتیا) گرنگترین ئەو كانزایانەن كە لەخۆراكی جۆراوجۆردا هەنە بەتایبەتی لەسەوزە و میوە تازەكاندا.