كانزای كڕۆم Chromium بەبڕێكی كەم بۆ لەش پێویستە بۆ ڕێكخستنی ئاستی شەكری خوێن بەوەی كە هاركاری هۆرمۆنی ئینسولین دەكات بۆ گواستنەوەی شەكری خوێن بۆ ناو خانەكان بۆ ئەوەی وەكو سەرچاوەی وزە بەكاری بێنن. هەروەها كڕۆم بەشدارە لە میتابۆلیزمی كاربۆهیدرات و چەوری و پرۆتینەكان و لەكرداری خەزنكردنیان لە لەشدا. جگە لەمە، كڕۆم یارمەتیدەرە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی باش HDLلەخوێندا، لەوانەشە ڕۆڵی هەبێت بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی دڵ. سەرچاوە خۆراكییەكانی كڕۆم بریتین لە: برۆكۆلی، شیرەی ترێ، گۆشت، دانەوێڵەی تەواو، بەهارات Spices، هەندێك جۆری میوە و سەوزە بەتایبەتی خەیار، پیازی خاو، تەماتەی گەییو، خاس. بەساڵاچووەكان زیاتر ڕووبەڕووی كەمی كڕۆم دەبنەوە لەبەر كزبوونی هەڵمژینی لەڕیخۆڵەدا، نیشانەكانی كەمی كانزای كڕۆم لە لەشدا بریتین لە: هەستكردن بەماندووبوون و هیلاكی، هەستكردن بەناڕەحەتی و پەستی، گۆڕان لە پرۆفایلی شەكر و كۆلیستیرۆلی خوێندا، كزبوونی گەشە لەمنداڵاندا، دواكەوتن لە چاكبوونەوەی برین و برینەكانی پاش نەشتەرگەری. پێویستی ڕۆژانەی كانزای كڕۆم بۆ كەسێكی پێگەیشتوو بریتییە لە35 مایكرۆگرام، بۆ منداڵان 10-20 مایكرۆگرام.