ڤیتامین B9

ڤیتامین B9
ڤیتامین B9 كە ناسراوە بەترشی فۆلیك Folic acid یان فۆلێت Folate كە لەئاودا دەتوێتەوە، یەكێكە لەڤیتامینە گرنگەكانی كۆمەڵەی ڤیتامینB. ڤیتامین B9 گرنگە بۆ گەشەی لەش و پەرەسەندنی كۆرپە، یارمەتی فرمانی ئاسایی مێشك و دەمارەكان دەدات، ئاستی ماددەی هۆمۆسیستین Homocysteine لەخوێندا كەم دەكاتەوە لەوكاتەی كە ئاستی بەرزی ئەم ترشە ئەمینییە ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشی دڵ و جەڵتەی مێشك زیاد دەكات. ترشی فۆلیك ڕۆڵی هەیە بۆ دواخستنی كزبوونی تواناكانی مێشك كە پەیوەسستن بەپیربوون، هەروەها لەوانەیە كە ڕۆڵی هەبێت بۆ خۆپاراستن لەشێرپەنجەی سییەكان و كۆڵۆن و ملی منداڵدان. ئافرەتی دووگیان پێویستی بەبڕی زیاتر لەم ڤیتامینە هەیە، ترشی فۆلیك هاوكاری گەشەی وێڵاش و كۆرپە دەكات و دەیپارێزێت لەتووشبوون بەسەقەتی زگماكی بەتایبەتی سەقەتی لەمێشك و بڕبڕەكانی پشت. سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین B9 ئەمانەن: سپێناغ، سەوزە گەڵا تاریكەكان، گروپی فاسولیا و پاقلمەنییەكان، هلیۆن Asparagus، مۆز، كاڵەك، لیمۆ، هەوێن Yeast، كوارگ. نیشانەكانی كەمی ڤیتامین B9 بریتین لە: ئەگەری سەقەتی زگماكی كۆرپە لەئافرەتی دووگیاندا یان كەمی كێشی كۆرپە لەكاتی لەدایكبووندا، خەمۆكی، كزبوونی تواناكانی مێشك، گۆڕان لەشانەكانی ملی منداڵدان. پێویستی ڕۆژانە لەترشی فۆلیك بۆ یەكێكی پێگەیشتوو بریتییە لە400 مایكرۆگرام، ئافرەتی دووگیان و كەسە ئەلكهولییەكان پێویستییان بەبڕی ڕۆژانەی زیاتر لەترشی فۆلیك هەیە.
Top