ئینسولین یان هۆرمۆنی قەڵەوبوون

ئینسولین یان هۆرمۆنی قەڵەوبوون
ئەگەر كێشی لەشت زیاد بێت یان قەڵەو بیت، ئەوا بەئاسانی لەشت بڕێكی زۆر لەهۆرمۆنی ئینسولین Insulin دەردەدات لەپاش هەر ژەمێكی خۆراكدا. هۆرمۆنی ئینسولین لەگلاندی پەنكریاسدا بەبڕی دیاریكراو لەپاش هەر خواردنێك یان هەر ژەمێكی خۆراكدا دەردەدرێت و یارمەتی شەكری گلوكۆزی خوێن دەدات كە بچێتە ناو خانەكانەوە. زیاد دەردانی هۆرمۆنی ئینسولین دەبێتە ئەگەری زیادبوونی وزەی یەدەك لەخانە چەورییەكاندا، بۆیە هۆرمۆنی ئینسولین بەهۆرمۆنی قەڵەوبوون یان هۆرمۆنی خەزنكردنی وزە بەشێوەی چەوری ناوزەد دەكرێت. هۆرمۆنی ئینسولین وەكو هەندێك دەرمان ڕۆڵی هەیە لەكەمبوونەوەی كێشی لەش و لەزیادبوونی كێش و تووشبوون بەقەڵەوی كە زیانی زۆر بەتەندروستی دەگەیەنێت. هۆرمۆنی ئینسولین لە لەشماندا لەهەموو ئەو دەرمانانە بەهێزترە كە بەردەوام ڕێكلامیان بۆ دەكرێت و ناوە ناوە دەرمانێكی نوێ سەرهەڵدەدات گوایە كێشی زیاد كەم دەكاتەوە یان قەڵەوی چارەسەر دەكات، بەهەرحاڵ ئەگەر فێری ئەوە بین كە چۆن بتوانین هۆرمۆنی ئینسولین بخەینە ژێر كۆنترۆڵی خۆمانەوە ئەو كاتە دەتوانین كە كێشی لەشیشمان بخەینە ژێر كۆنترۆڵەوە. ئەو خۆراكانەی كە گلاندی پەنكریاس هاندەدەن بۆ زیاتر دەردانی هۆرمۆنی ئینسولین بریتین لە: برنجی سپی، بسكویتەكان، پەتاتەی برژاو، كۆرن فلێكس Cornflakes، مۆزی گەییو، میوەی مانگۆ، نان یان سەموونی سپی، شیرەی جۆ بەشێوەی ماڵتۆز و بیرە، جیبسی زەرەت Corn chips. ئەو خۆراكانەی كە بەشێوەیەكی مام ناوەندی هانی دەردانی هۆرمۆنی ئینسولین دەدەن بریتین لە: برنجی بۆر یان قاوەیی، پەتاتەی كوڵاو، مێوژ و كشمش، شیرەی پرتەقال، سپاگیتی یان مەعكەڕۆنەی سپی. ئەو خۆراكانەی كە بەكەمی هانی دەردانی هۆرمۆنی ئینسولین دەدەن بریتین لە: پەتاتەی شیرین، هەویركاری بەگەنمی تەواو Wholewheat، نۆكی وشك، سێو، هەرمێ، شیر، نیسك، فاسولیا، پاقلەی سۆیا، شووتی، شیرەی سێو، سەوزە گەڵا تاریكەكان.
Top