لەگەڵ مانگەكانی هاویندا كە پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە، جگە لەهێشتنەوەی لەش بەفێنكی، دڵنیابە لەوەی كە ڕۆژانە بڕێكی تەواوی شلە بخۆیتەوە. ئەگەر هەستت كرد بە سەرئێشە، سووكبوونی سەر، هەروەها ماندووبوون و هیلاكی، ئەوا لەوانەیە كە تەنیا گەرما هۆكار بێت لەو كاتەی كە ئەم نیشانانە لەسەرەتای كەمبوونەوەی شلە لە لەشدا Dehydration سەرهەڵدەدەن هەتا ئەگەر هێشتا هەستت بەتێنووبوون نەكردبێت. هاوین هاندەرە بۆ چوونە دەرەوە و ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی و چەندین چالاكی تر كە هەموویان هانی ونكردنی ئاو و كەمبوونەوەی شلە لە لەش دەدەن هەتا ئەگەر بەڕێژەیەكی كەمیش بێت (بۆ نموونە 2-3%) ئەوا كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر چالاكی بەدەنی و تواناكانی مێشك. چاوەڕێ مەكە كە دەمت وشك بێت و پێستت سووربێتەوە و سەرئێشە بگریت، زوو حیساب بۆ خواردنەوەی شلە بكە. گەلێك كەس لەهاویندا كە دوچاری سەرئێشە و هیلاكی دەبنەوە تەنیا گەرما بەهۆكار دەزانن لەو كاتەی كە ئەم نیشانانە لەئەنجامی كەم خواردنەوەی شلە ڕوودەدەن. دەتوانیت بەقەبارە و ڕەنگی میز كەمبوونەوەی شلەی لەش دەستنیشان بكەیت، بۆ نموونە كەمبوونەوەی قەبارەی میز و تاریكبوونی ڕەنگەكەی مانای ئەوە دەگەیەنێت كە شلە لە لەشدا كەمبۆتەوە و پێویستە كە بەزووترین كات شلە بخۆیتەوە. ئەو هۆكارانەی كە هانی زیاتر ونبوونی شلەی لەش دەدەن بریتین لە: زیاد ئارەقەكردن، مەشقی وەرزشی، كاركردن لەشوێنی گەرم، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش لەبەر نەخۆشی، بەكارهێنانی هەندێك دەرمان كە هانی گورچیلەكان دەدەن بۆ زیاتر دەدرانی شلە بەڕێگای میزەوە، هەروەها ئافرەت لەكاتی دووگیانی و شیردانی سروشتیدا پێویستی بە شلەی زیاتر دەبێت. ئاو باشترین شلەیە بۆ ڕێگرتن لەوشكبوونەوە لەگەڵ خواردنی بڕێكی باشی سەوزە و میوەكان.