ئایا پاقلەمەنییەكان كۆلیستیرۆل دادەبەزێنن؟

ئایا پاقلەمەنییەكان كۆلیستیرۆل دادەبەزێنن؟
پاقلەمەنییەكان Legumes لەگەڵ گروپی فاسولیا Beans بێگومان بەخۆراكی باڵانس و تەندروستییانە بۆ دڵ هەژمار دەكرێن، چونكە ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن دادەبەزێنن. بۆ گەیشتن بەم مەبەستە چەندین پرسیار دێنە پێشەوە، بۆ نموونە خواردنی چەند گرام ڕۆژانە، هەڵبژاردنی كام جۆری پاقلەمەنییەكان، ئایا جۆرە سەوز و تازەكان باشترن یان جۆرە وشكەكان، پێوانەی تەواوی دابەزاندنی كۆلیستیرۆل چەندە؟..تاد. لێكۆڵینەوەكان لەم بارەیەوە جەخت لەسەر ئەمە دەكەنەوە كە خواردنی یەك كوپ و نیو لە پاقلەمەنییەكان یان گروپی فاسولیا جا سەوز و تازە یان جۆرە وشكەكان 4 جار یان پتر لەهەفتەیەكدا بۆ ماوەی چەند مانگێك ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL لەخوێندا بەڕێژەی 5-15% دادەبەزێنێت. خواردنی هەمان ئەو بڕە ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ بە تا ڕێژەی 10-20% كەم دەكاتەوە. ڕێژە بەرزەكەی ڕیشاڵ Fiber لە پاقلەمەنییەكاندا كە لەجۆری تواوەیە هۆكاری سەرەكییە لەپاڵ دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆل، بۆ نموونە ڕیشاڵ لەجۆری پێكتینەكان Pectins، سمغەكان Gums، میوسیلێجەكان Mucilages. جگە لەڕیشاڵ، ماددە گرنگەكانی تری پاقلەمەنییەكان وەكو پرۆتین، ئایزۆفلاڤۆنەكان Isoflavones، ساپۆنینەكان Saponins كە ماددەی دژەئۆكسانن لەوانەیە كە ڕۆڵیان هەبێت لەدابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆل و خۆپاراستن لەتووشبوون بەنەخۆشی دڵ.
Top