گرنگی كانزای كۆپەر لە خۆراكدا

گرنگی كانزای كۆپەر لە خۆراكدا
كۆپەر Copper یەكێكە لەو كانزا گرنگانەی كە بەبڕی كەم پێویستە، كۆپەر لەهەموو شانەكانی لەشدا چونكە ڕۆڵی هەیە لەدروسبوونی شانە بەستەرەكان و فرمانی دروستی ماسوڵكەكان، هەروەها ڕۆڵی هەیە بۆ دروستی كۆئەندامی دەمار و سستمی بەرگری لەشدا. گرنگی كانزای كۆپەر بۆ لەش لەوەدایە كە پێویستە بۆ گەشەی ئاسایی لەش، لەگەڵ كانزای ئاسندا پێویستە بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن، ڕۆڵی هەیە بۆ ڕێگرتن لەپووكانەوەی ئێسك Osteoporosis و هەوكردنی جومگەكان، هەروەها بۆ فرمانی دڵ و خوێنبەرەكان. سەرچاوە خۆراكییەكانی كانزای كۆپەر بریتین لە: كاكڵەكانی وەكو گوێز، باوی، كازو، بندق، فستق، هەروەها تۆوەكان Seeds، كوارگ، مەحار، پاقلەمەنییەكان، فاسولیا، لۆبیا، بەزالیا، سەوزەوات، دانەوێڵەی تەواو، میوەی ئەڤۆكادۆ Avocado. ئەگەرچی كەمبوونی كانزای كۆپەر لە لەشدا حاڵەتێكی دەگمەنە و تەنیا لەو كەسانەدا بەدێ دەكرێت كە دوچاری سكچوونێكی درێژخایەن دەبنەوە، نیشانەكانی بریتین لە: پنتی خوێنبەربوون لەژێر پێستدا، تێكشكانی موولوولەكانی خوێن، قژ هەڵوەرین، زەردبوونی پێست، ئاوسانی ماسوڵكەی دڵ، زووماندووبوون. پێویستی ڕۆژانە لەكانزای كۆپەر بۆ پێگەشتووان تەنیا 900 مایكرۆگرامە، بۆ ئافرەتی دووگیان 1000 مایكرۆگرام و بۆ ئافرەتی شیردەر 1،300 مایكرۆگرام.
Top