كاریگەری زەردوویـی لەسەر مێشكی منداڵ

كاریگەری زەردوویـی لەسەر مێشكی منداڵ
زەردوویی لەمنداڵی ساوادا بەتایبەتی لەمنداڵی ناكامدا زۆرجار دەبێتە هۆی گەیشتنی ماددەی بیلیروبینی ڕەنگ زەرد بەشانەكانی مێشك و تێكدانی بەشی ژێرەوەی ئەم شانانە. هەروەها نەخۆشی شیبوونەوەی خوێنیش لەمنداڵی تازەبوودا دەبێتە ئەم حاڵەتانە كە پێی دەوترێ كێرنیكترەس Kernicterus. بەمانایەكی تر ئەم حاڵەتە ئاڵۆزیەكە یان ماكێكە لەپاش زەردووی منداڵی ساواو منداڵی ناكام كە بەر لەتەواوكردنی 9 مانگ و دە ڕۆژ لەناو سكی دایكیدا لەدایك بووبێ. منداڵی ناكام یان ناتەواو كەم و كوڕی هەیە لەسیستەمی ئەنزیمەكانی جگەردا بۆیە كەم و كوڕی لەگۆڕینی جۆرەكانی ماددەی بیلیروبین ڕوودەدا، بۆیە ماددەی بیلیروبین بەخێرایی لەناو خوێندا بڵاو دەبێتەوە و دەگاتە ڕاددەی ژاراوی كردنی شانەكانی مێشك بەتایبەتی شانەكانی بەشی ژێرەوەی مێشك. نیشانەكانی بە گەشكە دەست پێدەكەن، لەهۆش چوون، ڕەق بوونی ماسوڵكەكان لەوانەیە پاشان سست بوون و ئیفلیجی ماسوڵكەكان ڕووبدا، پاشان لەوانەیە منداڵ لەتەمەنی شەش حەفت مانگیدا دووچاری دواكەوتنی ژیری ببێتەوە. خۆپاراستن لەم نەخۆشیە ئەنجام دەدرێ بەهەرچی زووتر دەستنیشانكردنی زەردوویی لەئەنجامی شی بوونەوەی خوێن لەمنداڵی تازەبوودا بەتایبەتی لەمنداڵی ناكامدا و زوو چارەسەركردنی بەخوێن گۆڕینەوە. ئەگینا كە نەخۆشی كێرنیكترەس جێگیر بێ هیچ چارەسەرێكی تر نییە، تەنیا وەكو حاڵەتێكی ئیفلیجی بەچارەسەركردنی سروشتی Physiotherapy.
Top