ڤیتامین B12 یان سایانۆكۆبالامین Cyanocobalamin چەند ڕۆڵێكی گرنگ لە لەشدا دەبینێت وەكو: دروستبوونی خانە نوێیەكان، پاراستنی دەمارەخانەكان، ڕێكخستنی ڤیتامین B9 وەكو كۆئەنزیمێك، یارمەتیدانی هەرسكردنی هەندێك ترشە چەوری و ترشە ئەمینییەكان. سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین B12 كە زیاتر ئاژەڵین بریتین لە: هێلكە، شیر، پەنیر، گۆشت، ماسی، پەڵەوڕ. كەمی ڤیتامین B12 دەبێتە ئەگەری چەندین حاڵەت و نەخۆشی وەكو: جۆرێكی كەمخوێنی Pernicious anemia، هەستكردن بەهیلاكی و ماندووبوون، هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر، گۆڕان لەزماندا بەشێوەی لووسبوون و هەوكردن، زیادبوونی هەستەوەری لەپێستدا. بەكارهێنانی ڤیتامینB12 بەشێوی دەرزی زیاتر كاریگەرە لەوەی كە بەشێوەی دەنك بەڕێگای دەم بەكاربێت، چونكە دەردراوەكانی كۆئەندامی هەرس كاریگەری دەكەنە سەر پێكهاتەكەی و لەچالاكییەكەی كەم دەكەنەوە. چەند بەڵگەیەكی زانستی لەبەردەستدایە كە ڤیتامین B12 ڕۆڵی هەیە لەدابەزاندنی كێشی لەشدا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كاریگەری ئەم ڤیتامینە لەسەر كرداری میتابۆلیزمدا، Metabolism، بۆیە گەلێك جار بەكارهێنانی دەرزی ڤیتامین B12 وەكو بەشێك لەبەرنامەی دابەزاندنی كێشی لەش بەكاردێت.