ئەگەر هەر جۆرێكی مەشقی وەرزشی Physical exercise سووك یان قورس لەشوێنێكی كراوە یان هەوای كراوە لەكەشی گەرمدا ئەنجام بدەیت، پێویستە كە خۆت لەكاریگەرییە خراپەكانی گەرما بپارێزیت. مەشقی وەرزشی لەهەوایەكی گەرمدا بارگرانییەكی زیاتر دەخاتە سەر لەش، چونكە هەردوو مەشقی وەرزشی و هەوای گەرم پلەی گەرمی لەش بەرزدەكەنەوە، بۆ هێشتنەوەی لەش بەفێنكی خودی لەش هاتووچۆی خوێن بۆ پێست زیاتر دەكات، بەمەشەوە بڕێكی كەمتری خوێن بۆ ماسوڵكەكان دەڕوات و لێدانەكانی دڵ زیاتر دەبن. ئەگەر ڕێژەی شێداری لەهەوادا بەرز بێت، ئەوا لەش ڕووبەڕووی بارگرانییەكی تریش دەبێتەوە، چونكە ئارەقە بەئاسانی لەسەر پێستدا نابێتە هەڵم ئەمەش پلەی گەرمی لەش بەرزدەكاتەوە. مەشقی وەرزشی لەكەشێكی زۆر گەرمدا لەوانەیە كە چەندین كێشەی تەندروستی پەیدا بكات، بۆ نموونە بروسكەكانی گەرما Heat cramps كە بریتین لەئازار لەكاتی جووڵاندن یان گرژكردنەوەی ماسوڵكەكاندا بەتایبەتی ماسوڵكەكانی قاچ و پێشەوەی ڕان و سك. هیلاكی گەرما Heat exhaustion كە هەندێك جار مەترسیدارە و بریتییە لەبەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش كە لەوانەیە بگاتە 40 پلەی سەدی لەگەڵ هێڵنج یان ڕشانەوە، هەروەها بێهێزی گشتی، سەرئێشە، لەهۆشچوون.