مەترسی زەبر بۆ ناوچەی سەر لەچیدایە؟

مەترسی زەبر بۆ ناوچەی سەر لەچیدایە؟
بەگشتی زەبری دەرەكی بۆ ناوچەی سەر Head trauma زۆر جار مەترسی هەیە، ئەگەر نیشانەكانی خێرا و هاوكاتیش نەبن لەگەڵ زەبرەكەدا، ئەوا لەوانەیە كە لەداهاتوودا زوو یان درەنگ نیشانەیەك یان پتر سەرهەڵبدات وەكو سەرئێشە، پەركەم، لاوازبوونی بەشێكی لەش. گەلێك لەزاناكانی هۆمیۆپاتی Homeopathy دەڵێن زۆربەی نەخۆشییەكان لەئەنجامی زەبری دەرەكی بۆ ناوچەی سەر پەیدا دەبن جا تووند یان سووك، كۆن یان نوێ كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری خوێنبەربوون یان برینداربوونی بەشێكی مێشك كە زوو دەستنیشان دەكرێ، زۆرجاریش دەبێتە ئەگەری خوێنبەربوونێكی كەم یان گرێیەكی زۆر بچووك كە بەوێنەگرتنی ڕەنینی موگناتیسی MRI كە دەزگایەكی زۆر پێشكەوتووە و هەستیارە ئەدۆزرێتەوە، دەرئەنجام ئەمڕۆ یا سبەی كێشەیەكی تەندروستی پەیدا بكات، ئێستا دەزگای پێشكەوتووتر هەیە كە دەتوانێ گرێی یەكجار بچووك لەمێشكدا دەستنیشان بكات وەكو و دەزگای MSI و دەزگای Peth. مەترسی زەبری دەرەكی بۆ سەر لەوەدایە كە تا چ ڕاددەیەك بەشەكانی یان شانەكانی مێشك زیانیان پێگەیشتووە كە بەنیشانەكان و پشكنینەكان دەستنیشان دەكرێت. بەبەراورد لەگەڵ برینداربوونی پێستی سەر و شكانی ئێسكی كاسەی سەر، برینداربوون و تێكشكانی شانەكانی مێشك كەم یان زۆر شان بەشانی چەندێتی خوێنبەربوون زۆر گرنگن لەچارەنووس و مەترسی هەر زەبرێك بۆ ناوچەی سەر، بۆ نموونە گەلێك جار زەبرێك كە نەبووبێتە ئەگەری هیچ برینداربوونێكی پێستی سەر و هیچ شكانێكی كاسەی سەر زیانێكی گەورە بەشانەكانی مێشك دەگەیەنێت لەبرینداربوون و خوێنبەربوون كە لەوانەیە ژیان بخاتە مەترسییەوە.
Top