كۆبوونەوەی گاز لەكۆئەندامی هەرسدا Flatulence پێوەندی زۆری بەجۆری خۆراكەوە هەیە، بەڵام لەهەموو كەسێكدا وەكو یەك نییە. كۆبوونەوەی گاز لەگەدەدا دەبێتە هۆی ناڕحەتی یان سك ئێشە لەبەر قووتدانی بڕێكی زۆری هەوا. قووتدانی بڕێكی زۆری هەوا Aerophsgia ڕوودەدات لەئەنجامی خواردن و خواردنەوەی بەپەلە، پەستی دەروونی، خواردنەوەی نوشابە گازدارەكانی وەكو بیبسی. لەزۆربەی خەڵكدا، ڕۆژانە 500-1500 میللیلیتر گاز لەڕیخۆڵەی كۆڵۆندا پەیدا دەبێت كە بەشێوەیەكی سەرەكی پێكهاتووە لەگازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، هایدرۆجین، هەندێك جاریش گازی میتان كە بەكتریای ناو كۆڵۆن پەیدای دەكات. جگە لەخێرا خواردن و خواردنەوە، هۆكاری تریش ئەم گرفتە پەیدا دەكەن وەكو: نەخۆشی سیلیاك Celiac، بەدهەرسی Dyspepsia واتە باش هەرس نەكردنی خۆراك، گرژبوونی كۆڵۆن، بەرگەنەگرتنی شەكری شیر یان لاكتۆزLactose intolerance كە لەهەندێك كەسدا بەدی دەكرێت و بریتییە لەناڕحەتی لەكۆئەندامی هەرسدا لەپاش خواردنی شیر یان بەرهەمەكانی شیر، چەوری زۆر لەخۆراكدا، پاقلەمەنییەكان، زیاد خواردنی دانەوێڵە كە نیشاستەی زۆری تێدایە، ناتەواوی لەگلاندی پەنكریاسدا، گیرانی ڕیخۆڵە لەبەر هەر هۆیەك.