چارەسەری كارەبایی سەر

چارەسەری كارەبایی سەر
چارەسەری كارەبایی سەر یان لەكارەبادانی سەر ECT ڕێگایەكی بەناوبانگە بۆ چارەسەركردنی گەلێك نەخۆشی دەروونی هەرچەندە كە میكایزمی لەسەر مێشك تا ئێستا بەتەواوی نەزانراوە. لەكارەبادانی سەر ڕێگایەكی چارەسەری بێ زیان و بێ ئازارە، ئەنجامی باشی هەیە، تەنیا لەو كەسانەدا نەبێ كە نەخۆشییان لەدەزگای دڵ و سووڕاندا هەیە. لەكارەبادانی سەر دەبێ تەنیا بۆ ئەو حاڵەتانە بەكاربێت كە زۆر پێویستیان پێی هەیە بەبڕیاری دكتۆری نەخۆشییە دەروونییەكان، بۆ نموونە خەمۆكی قووڵ Deoression كە 90%-80ی حاڵەتەكان سوود لەم چارەسەرە وەردەگرن و نیشانەكانی وەكو خەوزڕان، قەبزی، بیركردنەوە لە خۆكوشتن، هەستكردن بەتاوان، كزبوونی ئارەزووی خواردن، كزبوونی حەزی سێكسی بەگشتی كەمتر دەبنەوە، لێرەدا لە كارەبادان بۆ چارەسەركردنی خەمۆكی قووڵ زۆر لەبەكارهێنانی دەرمان بەسوودترە. نەخۆشی دوولایەنە Bipolar واتە تاوێك هەستكردن بەخۆشی و ئاسوودەیی و تاوێكی تر هەستكردن بەخەمۆكییەكی قووڵ، بەڵام لێرەدا پاش سوود وەرنەگرتن لەچارەسەر بەدەرمان ئینجا لەكارەبادانی سەر هەڵدەبژێردرێ. حاڵەتەكانی شیزۆفرینیا Schizophrania زۆر سوود لە لە كارەبادانی سەر وەردەگرن بەتایبەتی بێ ئەنجامبوونی چارەسەر بەدەرمان. هەروەها ECT بەچارەسەرێكی گونجاو دادەندرێ بۆ خەمۆكییەك كە مەترسی خۆكوشتنی لێ بكرێت، چونكە چارەسەر بەدەرمان ماوەی پێویستە كە لەوانەیە لەو ماوەیەدا خۆی لەناوببات، هەروەها بۆ خەمۆكی لەپیرەكاندا كە باری تەندروستیان باش نییە بەرگەی دەرمان و زیانە لابەلاكانی ناگرن.
Top