هەر 3 مانگ جارێك فڵچەی ددانت بگۆڕە!

هەر 3 مانگ جارێك فڵچەی ددانت بگۆڕە!
شووشتنی پوك و ددانەكان بەفڵچە و مەعجونی ددان بەشێوەیەكی دروست Proper Brushing یەكجار گرنگە بۆ تەندروستی. بۆ خۆپاراستن لەكلۆربوون، ڕۆژانە بەلای كەم دوو جار ددانەكانت بەفڵچە و مەعجوون بشۆ. زۆر كەس وا بیردەكەنەوە كە ناو دەم هیچ میكرۆبێكی تێدا نییە كەچی لەڕاستیدا ناو دەم پڕە لەمیكرۆب، بەڵام ناوپۆشی دەم دوچاری هەوكردن نابێت، چونكە بەرگری هەیە و هیچ كەلێنێك یان برینێك نییە كە میكرۆب بەناویدا دەربازبێت بۆ ناوپۆشی دەم و هەوكردن پەیدا بكات. شووشتنی ددانەكان هەر ئەوە نییە كە بەفڵچە و مەعجون بیانشۆریت، بەڵكو گرنگ ئەوەیە كە چۆن دەیانشۆریت، كام جۆری فڵچە و كام جۆری مەعجون ددان بەكاردەهێنیت. زۆربەی خەڵك ددانەكانیان زۆر بەتوندی و زۆر بەخێرایی و بۆ ماوەیەكی كەم دەشۆن بۆیە هەندێك شوێن بەر فڵچە ناكەوێت واتە هەندێك شۆین لەددان و كەلێنەكان پاك نابنەوە. جگە لەددانەكان، پوك و زمانیش بەنەرمی داماڵە بەگۆشەی 45 پلەو بەجووڵەیەكی بازنەیی بۆ 10جار لەهەر شوێنێكی دانانی فڵچەدا، پاشان فڵچەكە بگوازەوە و بەهەمان شێوەی سەرەوە بیجووڵێنە، ئینجا دیوی ناوەوەی ددانەكان و پوك بەهەمان شێوە بشۆ. جووڵاندنەوە بۆ پێش و پاش تەنیا لەسەر ددانە هاڕەڕەكاندا ئەنجام بدە. فڵچەی گونجاو هەڵبژێرە بە تاڵە نایلۆنی نەرم كە كۆتاییەكانیان تیژ نەبن بۆ ئەوەی زیان بەپوك و چینی سەرەوەی ددانەكان نەگەیەنێت. ئەگەر فڵچەكەت قۆپاو یان تاڵەكانی خواربووبنەوە، واباشترە كە چیتر بەكاری نەهێنیت، لەمەش باشتر ئەوەیە كە هەر 3 مانگ جارێك فڵچەكەت بگۆڕیت. بەگوێرەی مەعجون ددانیشەوە، ئەو جۆرە هەڵبژێرە كە مادەی فلۆرایدی Fluoride تێدایە، مەعجونی پزیشكی تەنیا بەپێی ڕێنمایی دكتۆری ددان بەكاربێنە.
Top