جومگەی شەویلاك Temporomandibular joint جومگەیەكی گرنگە، ڕۆلێ هەیە لەكردنەوەی دەم و كرداری جووینی خۆراكدا. گرفت لەجومگەی شەویلاكدا گروپێك ناڕحەتی دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی ئازار و ناڕحەتی لەو ماسوڵكانەی كە كۆنترۆلی جووڵەی شەویلاك دەكەن، ئەم گرفتە زیاتر دوچاری ئافرەتان دەبێت. زەبر بۆ شەویلاكی خوارەوە یان بۆ جومگەی شەویلاك یەكێكە لەهۆكارەكانی گرفت لەم جومگەیەدا، بەڵام لەزۆربەی حاڵەتەكاندا هۆكارێكی ڕوون بەتەواوی نادۆزرێتەوە. نیشانەكان بریتین لە: ئازار لەجومگەی شەویلاك و لەماسوڵكەكانی جووین لەكاتی جووینی خۆراكدا، سخبوونی ماسوڵكەكانی شەویلاك، سنوورداربوونی جووڵەی شەویلاك و هەندێك جاریش قفلبوونی جومگەی شەویلاك Locking TMJ، زۆربەی حاڵەتەكان بەبێ چارەسەر لەخۆیانەوە چاك دەبنەوە، بەڵام هەندێك حاڵەت پێویستییان بەچارەسەر دەبێت كە بریتییە لەهەڵبژاردنی خۆراكی نەرم و شۆربا، دانانی كەمادەی سارد لەسەر جومگەكە، خۆپاراستن لەجووڵاندنەوەی بەهێزی شەویلاك یان كردنەوەی دەم بەگۆشەیەكی گەورە، دووركەوتنەوە لەجووینی توند و جووینی بنێشت لەگەڵ هەندێك دەرمانی دژەئازار.