زەیتی زەیتوون بۆ تەندروستی دڵ

زەیتی زەیتوون بۆ تەندروستی دڵ
زەیتی زەیتوون Olive oil جگە لەچێژە خۆشەكەی، سوودبەخشە بۆ دڵ بەوەی كە ترشە چەورییە ناتێرە یەكانییەكان Monounsaturated fat لەخۆدەگرێت كە ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ لەخوێندا دادەبەزێنێت و نایەڵێت كە لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ بنیشێت. ڕۆژانە خواردنی 23 گرام كە دەكاتە نزیكەی 2 كەوچكی گەورە لەزەیتی زەیتوون لەوانەیە كە ئەگەری تووشبوونت بەنەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ كەم بكاتەوە، بەمەرجێك ئەم بڕەی زەیتی زەیتوون كە دەكاتە 207 كالۆری جێگرەوە بێت بۆ هەمان بڕ لەچەورییە تێرەكان ئەگینا بەتێپەڕبوونی كات دەبێتە ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش. زەیتی زەیتوونی یەكەم گوشینی زەیتوون Extra virgin olive oil ماددە پۆلیفینۆلەكان Polyphenols لەخۆدەگرێت كە سیفەتی دژەئۆكسانی بەهێزیان هەیە و ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لەپاراستنی تەندروستی دڵدا، هەروەها ئەگەری هەوكردن كەم دەكەنەوە و لەوانەشە كە لەش لەتووشبوون بەهەندێك جۆری شێرپەنجە بپارێزن.
Top