وشكبوونی قوڕگ Dry throat گرفت پەیدادەكات لەبەردەم قسەكردن و قووتدانی خۆراك، ئەگەری هەوكردن زیاد دەكات، بۆنی دەم و هەناسە ناخۆش دەكات. گرنگترین هۆیەكانی وشكبوونی قوڕگ بریتین لەمانەی خوارەوە: هەوكردنی گلاندەكانی لیك وەكو گوێ ڕەپە، گیرانی جۆگەكانی دەردانی لیك بەهۆی پەیدابوونی گرێی شێرپەنجەیی یان بەهۆی دروستبوونی بەرد لەوێدا، لابردنی گلاندەكانی لیك بەنەشتەرگەری، زیانی لابەلای دەرمان، بۆ نموونە دەرمانەكانی دژەهیستامین كە بۆ چارەسەركردنی هەستەوەری بەكاردەهێنرێن، دەرمانی دژە ئازار، دەرمانی دژە پەستی و دژە خەمۆكی، دەرمانەكانی چارەسەركردنی شێرپەنجە، دەرمانەكانی نەخۆشیەكانی دڵ، دەرمانە هۆشبەرەكان، دەرمانی نەخۆشیەكانی گەدە و دەزگای هەرس. هەروەها نەخۆشییە درێژخایەنەكان وەكو: نەخۆشی شەكرە، سستبوونی گلاندی تایرۆید، پەككەوتنی گورچیلەكان، نەخۆشی ئایدز، نەخۆشی ئەلزهایمەر Alzheimer، نەخۆشی پاركینسۆن، هەموویان بەڕێژەی جیاواز دەبنە هۆی وشكبوونی قوڕگ و دەم. چارەسەركردن بەتیشك Radiation therapy كە بۆ كۆنترۆڵكردنی شێرپەنجە لەناوچەی سەردا بەكاردێت زۆرجار دەبێتە ئەگەری زیان گەیاندن بەگلاندەكانی لیك و وشكبوونی قوڕگ. زەبر بۆ ناوچەی سەر یان بۆ ناوچەی مل كە بووبێتە هۆی زیان گەیاندن بەو دەمارانەی كە دەگەنە گلاندەكانی دەردانی لیك ئەوا وشكبوونی قوڕگ پەیدا دەكات.