ماوەی نێوان 2 ژەمی خۆراك

ماوەی نێوان 2 ژەمی خۆراك
پاش ژەمێكی تەواوی خواردن، گەدە بەتێكڕایی پاش تێپەڕبوونی 4 كاتژمێر ئینجا بەتەواوی بەتاڵ دەبێتەوە، واتە دەتوانیت كە ژەمێكی تری خۆراك بخۆیت. گەدە دەتوانێت جێگای پتر لەو بڕە خۆراكە بگرێت كە بۆ تێربوون پێویستە. گەدە كە پڕبوو لەخواردن نامە دەنێرێت بۆ سەنتەری هەستكردن بەبرسیبوون و تێربوون كە لەمێشكدایە كەوا تێربوون ڕوویدا و ئیتر خواردن بەسە. لەحاڵەتی ئاساییدا دواكەوتنێك كە بە10خولەك دەخەمڵێنرێت لەنێوان پڕبوونی گەدەو ناردنی نامەی تێربوون بۆ مێشك هەیە. جگە لەپڕبوونی گەدە، ئاستی شەكری خوێنیش نامە دەنێرێت بۆ سەنتەری برسیبوون و تێربوون لەمێشكدا، بۆ نموونە دابەزینی ئاستی شەكری خوێن لەڕێگای سەنتەری مێشكەوە هەستی برسییبوونت بۆ پەیدادەكات، بەپێچەوانەشەوە ئاستی بەرزی شەكری خوێن وات لێدەكات كە هەست بەتێربوون بكەیت. ئەگەر هەستت بەبرسیبوون كرد سەیری كاتژمێرەكەت بكە و دڵنیا بە لەوەی كە 4 كاتژمێر بەسەر ژەمی ڕابردووتدا تێپەڕبووە ئینجا دەست بەخواردن بكە. ئەگەر پاش ژەمێكی خۆراكی تەواو بە2-3 كاتژمێر هەستت بەبرسیبوون كرد، هەرگیز پەنا مەبەرە بەر دووبارە خواردن، بەڵكو وا باشترە كە لەمەسەلەكە بكۆڵیتەوە، بۆ نموونە لەوانەیە كە باری دەروونیت جێگیر نەبێت یان تووشی جۆرێك پەستی و شەكەتی دەروونی بووبیت، لەوانەشە كە بڕێكی زیادی ئاوت خواردبێتەوە لەگەڵ ژەمی خۆراكدا.
Top