بەر لە رۆژی نیشان و مارەبڕین، كچان خواستیانە لە رۆژی زەماوەند كراسێكی جوان و نایابیان لەبەر بێ، تا وەك شۆخێك لە پێش چاوی هاوڕێیان و میوانان و ئامادەبووان دەربكەون، چەندین رێنمایی هەن ئەگەر پەیڕەویان بكەیت، دەتوانی كراسێكی ناسك و جلێكی رازاوەت دەست بكەوێت، بۆ نموونە: باشترە ئەو جلەی مەبەستتە ماوەیەك بەر لە رۆژی مارەبڕین دەستنیشانی بكەیت، چونكە لەو ماوەیەدا كارەكانت زۆر دەبن و رەنگە نەتوانی لە دوا ساتەكاندا بە پەلەپەل كراسێك هەڵبژێریت، بۆیە پێویستە جلەكەت پێشتر دەستنیشان بكەیت. دەكرێ لە رۆژی مارەبڕیندا زیاتر لە جلێك لەبەر بكەی بۆ ئەوەی بزانیت چ جۆرە پۆشاكێك ئەو جوانییەت پێ دەبەخشێت كە خۆت مەبەستتە، سەرەتا كراس و عەزیە، یان جلی كوردی، یان كراسێك لە رەنگێكی دیكە. مەرجە جلەكەت لە رەنگێك بێت لەگەڵ رەنگی پێستت، یان رەنگی پرچ و ماكیاژەكەشت بگونجێت. ئەوانەی كێشان زۆرە و جەستەیان پڕە، وا باشترە ئەو جۆرە جلانە هەڵبژێرن كە تەسكن و لەو رەنگانەن كە جەستە بچووك و ورد و رێك نیشان دەدەن، بۆ ئەو كەسانەش كە لاوازن، پێویستە جلێكی كراوە هەڵبژێرن، تا جەستەیان پڕتر دەربكەوێت. لە بارەی نەخشەوە، هەریەك حەز و خواستێكی تایبەتی خۆی هەیە، هەندێك كراسی سادە و نەخشداریان لا پەسەندە، هەندێكی دیكەش لەو پۆشاكە یە كە لە بەشی سینگ و سەرەوە نەخشدارە و لە خوارەوە سادەیە، بەڵام ئێستا مۆدی پۆشاكی بووك لە سەرەوە تەسكە و لە خوارەوەش كراوە و سادەیە.