خزمەتگوزاریی پاسی گەشتیاری كە بە (هۆپ ئۆن و هۆپ ئۆف) ناسراوە، ئاسانكارییەكی زۆر چێژبەخشە بۆ گەشت بە نێو شاری هەولێردا و زۆربەی شوێنەكانی هەولێر دەگەڕێت، گەشتەكە بە پاسێكی دوو نهۆمیی تازە و پێشكەوتوو ئەنجام دەدرێت، رێبەری گەشتیاری لە نێو پاسەكەدا و لە شوێنە گشتییەكاندا دانراوە، رێبەرەكە بە زمانەكانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، ئیسپانی، فەڕەنسی، فارسی، رووسی، توركی) نووسراوە، گەشتی پاسی گەشتیاری لە پاركی شار دەست پێدەكات، پاشان بۆ پێش قەڵای هەولێر و دواتر بەرەو پارێزگاری هەولێر، پاركی منارە، پەرلەمانی كوردستان، مزگەوتی جەلیل خەیات، شەقامی شۆڕش، فامیلی مۆڵ، پاركی پێشمەرگە، شەقامی گوڵان، باڵەخانەكانی پارك ڤیو، هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵا، پاركی شەهید سامی عەبدوڵڕەحمان، پیشانگای هەولێری نێودەوڵەتی، پاركی شانەدەر، بە گەیشتنی بە بەردەم داونتاونی ناو جەرگەی شار كۆتایی دێت، گەشتەكانی پاسی گەشتیاری رۆژانە (5) گەشتە، كە دوویان لە بەیانیان و ئەوەی دیكەش كاتژمێر (5)ی ئێوارەیە و دواگەشتیش كاتژمێر (9)ی شەوە، سەركەوتن بەسەر ئەو پاسە بۆ جارێك تەنیا (5) هەزار دینارە، ئەگەر بتەوێت رۆژێكی تەواو لە نێو گەشتەكانی ئەو پاسەدا بەسەر ببەیت بە (10) هەزار دینارە، لە (50%) داشكان بۆ منداڵان دەكرێت، ئەوانەی بەشداریی گەشتەكانی پاسی گەشتیاری دەكەن، زیاتر خەڵكی بیانی، یان ئەو كەسانەن كە ناتوانن بە پێ بڕۆن.