مــــــێژووی خــان لە كوردستان

مــــــێژووی خــان لە كوردستان
خانەكان مێژوویەكی كۆنیان هەیە، تەنانەت لە سەردەمی كۆنەوە پەرە بە خانەكان دراوە، هەندێكیان بۆ سەدەی (18) دەگەڕێنەوە، خانەكان دروست دەكران، تا ببنە شوێنێك بۆ حەوانەوە و مانەوە و پشوودانی خەڵك و میوان و گەشتیاران، خان واتە خانی رێبوارەكان، جاران خانەكان تایبەت بوون بە بازرگانان و كاروانچییەكان، هەندێ جاریش دەكرانە شوێنی كڕین و فرۆشتنی شتومەك، خان بە مانای میوانخانە و قەیسەرییش دێت، جاران لە هەموو شارەكانی كوردستان خان هەبوون، كە بە شوورایەك لە دەوروبەری پارچە زەوییەك دروست دەكران، ئەوانەی سەرپەرشتیی ئەو خانانەیان دەكرد، پێیان دەگوترا (خانچی)، هەندێ جاریش خانەكان وەك شوێنێك بۆ مانەوەی فەرمانبەران و سەربازان و پۆستەچییەكان تەرخان دەكران، لە خانەكاندا چێشتخانە و كۆگا و شوێنی نوێژ و گەرماو و هەندێ جار قاوەخانەشی تێدابووە، هەروەها شوێنی مانەوە بۆ مەڕوماڵات و ئەسپ و ئێسترەكانیش دیاری دەكران، لە هەولێر چەندین خان هەبوون، لەوانە: خانی سپی، بە یەكێك لە كۆنترین خانەكان دادەنرا و بە خانی گەورە ناسرابوو، ئێستا شوێنەكەی كراوەتە هۆتێل بێخاڵ كە لە دوو نهۆم پێك دەهات و هەر نهۆمێكی (12) ژوور بوو. خانێكی دیكە بە ناوی (خانی هێلەگ كاران) هەبوو، دەكەوتە تەنیشت مزگەوتی بازاڕ كە لە یەك نهۆم پێكهاتبوو، لەو خانەدا چەندین كەرەستەی وەك هێلەگ و بێژینگ و قەفەز دروست دەكران. خانی سێیەم بریتیی بوو لە خانی (مام قۆجە) كە لە نزیك مزگەوتی خانەقا بوو، بەرانبەر باغی شار، لە یەك نهۆم پێك هاتبوو، لەم خانەدا دار و شەقڵە و كاریتەیان دەفرۆشت. خانی بیرام، كە نزیك دەرگای مزگەوتی خانەقا بوو، لە یەك نهۆم پێكهاتبوو، گەنم و جۆی لێ دەفرۆشرا. خانێكی دیكە بەناوی ئەحمەد ئاغا هەبووە كە لە یەك نهۆم پێكهاتووە و خواردنەمەنیی تیادا هەڵگیراوە. خانی مستۆكی، ئەویش زیاتر شوێنێك بووە بۆ خەڵكی موسڵ، كا و رەژووی تیادا دەفرۆشرا. خانی (رەژوو فرۆشان) و (گەچ فرۆشەكان) و (خانی سەید عەزیز) و (خانی ناڵبەند) و (خانی مام عەبدوڵا) و (سەعید جامباز)یش هەبوون، كە تایبەت بوون بە فرۆشتنی دار و كەرەستەی خۆماڵی و دەرەكە و گەچ و رەژوو كە جێی مامەڵەی ئاژەڵ و گۆلك و جوانەگا بوون.
Top