هەمیشە شوێنی سەرنشینی نێو فڕۆكەكان، لە ناوەڕاست تا دواوەی فڕۆكەكانی سەرنشینیی شارستانییە، بەڵام ئەو بیرۆكەیە رەنگە بگۆڕدرێت بۆ داهێنانێكی تازە، كە شوێنی سەرنشینەكان بگوازرێتەوە بۆ باڵەكان و بەشی پێشەوەی فڕۆكەكان، ئەو بیرۆكەیە لەلایەن كۆمپانیایەكی هۆڵەندی بە ناوی (كلم – KLM) هاتۆتە ئاراوە تا ئەو گۆڕانكارییە لە بواری فڕۆكەوانیدا دروست بكات، بیرۆكە تازەكە لە فڕۆكەیەكی نوێدا جێبەجێ كراوە بە ناوی (فلاینگ ڤی – Flying V) پیتی ڤی ئینگلیزی شێوەی فڕۆكەكە دەردەخات، سوودی ئەو فڕۆكە تازەیە لەوەدایە كە سووتەمەنی كەمتر سەرف دەكات، جێگەی (314) سەرنشین دەبێتەوە، هەروەها ئەو فڕۆكەیە ژینگەدۆستە، پانییەكەی (65) مەترە و درێژییەكەشی (55) مەترە، ئەو بیرۆكەیە لە داهاتوودا وادەكات كە هەموو سەرنشینەكان بە یەكسانی پێشەوەی فڕۆكەكە ببینن، چونكە جامی سەرنشینەكان لە بەشی پێشەوە دەبێت نەوەك لە تەنیشتەكان.