ئافرەتان بە گشتی و كچان بە تایبەتی گرنگیی زۆر بە هەست و خۆشەویستی ناخیان دەدەن، هەمیشە بیركردنەوەیان لای ئەو هەستەیە كە لە دڵیانە تا بتوانن پێشكەشی بەرامبەرەكانیانی بكەن، ئیدی ئەگەر خۆشەویست، یان هاوسەر و ئەندامانی ماڵەوە بێت، نەبوونی ئەو هەستە دەبێتە مانەوەی بۆشایی لە دڵ و ناخدا، تا دەگاتە هەست كردن بە تەنیایی، تێگەیشتن لە هەست و خۆشەویستی كەسی بەرامبەر وەك قسەكردنە بە یەك زمان، لەو كاتەی دوو زمان بوونی هەبێت كەس لەوەی دیكە تێناگات، بەم چەشنە كچان دەتوانن لە رازی بەرامبەرەكەیان تێبگەن، ئاخۆ ئەو كەسانە ئەوانیان بۆ خۆشەویستیی ناخیان دەوێ، یان تەنیا گرنگی بە جەستەیان دەدەن، جیاوازیی لە نێوان هۆگربوون و خۆشەویستی و سەرنجڕاكێشیدا هەیە، پسپۆڕی دەروونی (سەزا هاشم) ئاماژە بە بوونی خۆشەویستی دەكات و هەست وەك پێداویستییەكی دەروونی دادەنێت، لەو كاتەی هەست بەو لایەنە بكەیت، دەروونت ئارام دەبێت و كەشێكی هێمن بەسەر هەستەكانتدا زاڵ دەبێت، بەم جۆرە هەست بە خۆشی و شادی دەكەیت، بۆیە هەوڵبدە هەمیشە سەرچاوەی خۆشەویستی و هەست بیت، تەنانەت ئەگەر رەگەزی بەرامبەریش نەبوو، دەتوانی خۆشەویستی و سۆز و هەست بە ئەندامانی خێزان و هاوڕێ و كەسانی نزیكت ببەخشیت.