ماكیاژی وێنەكێشانی روخسار لە كوردستان

ماكیاژی وێنەكێشانی روخسار لە كوردستان
ماكیاژ روخسار – Face makeup یەكێكە لە بوارەكانی ماكیاژ و وێنەكێشان، كە دوو لایەن لە خۆ دەگرێت، ئەو جۆرە ماكیاژە بۆ چەندین بواری جۆراوجۆر بەكاردێت، لەوانە: لە فیلم و نمایش و فیستیڤاڵ و نەخشی سەر روخسارەوە، ئێستا لە كوردستان كەسانێك هەڵكەوتوون ئەو جۆرە ماكیاژە دەكەن، یەكێك لەوانە كچە كوردێكە بەناوی (وان هاوار) كە بڕوانامەی لە یاسا هەیە، كەچی خولیای ئەو جۆرە ماكیاژەی روخسارە، بۆ قسەكردنی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە گۆڤاری گوڵان لەنزیكەوە گفتوگۆیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا .
* ماكیاجی روخسار چییە و بۆ چ مەبەستێك بەكار دێت؟
- ئاشكرایە باوە ماكیاژ وەك كارێكی سرووشتی بۆ ئارایشت بەكاردێ، بەڵام ئەو جۆرە ماكیاژە لە بواری فیلم و سینەما و نمایشدا بەكاردێت، چونكە مەرج نییە تەنیا بۆ جوانی و ئارایشتی روخسار بێت.
* چۆن بوو بیرۆكەی ئەو كارەت بۆ هات؟
- بیرۆكەی ئەو كارەم تەنیا بۆ خۆشی و ئارایشت نییە، بەڵكو بۆ سوودوەرگرتن و زۆر بواری دیكەش بەكاردێت، بۆ نموونە: بۆ منداڵان وەك شتێكی خۆشی و جوانی وێنەی كارتۆنی و گوڵ و ئاڵای كوردستان، یان لە فیلمەكانی سینەمای وەك زۆمبی و ترسناك چەندین خولی لەسەر دەكرێتەوە، تەنانەت، بڕوانامەشی لەسەرە و بەو كەسانە دەدرێت كە ئەو بوارە فێر دەبن.
* بۆ ماكیاجی روخسار چ جۆرە كەرەستە و رەنگێك بەكاردەهێنیت؟
- ئەو كەرەستانەی كە تایبەتە بە روخسار، چونكە پێستی روخسار ناسكە، بەكارهێنانی هەموو بۆیە و ماددەیەكی كیمیاوی رەنگە زیان بە روخسار بگەیەنێت، بەڵام ئەو بۆیەیە تەنیا بۆ جوانكاری و ماكیاژی روخسار دروست كراوە، كەرەستەكان لە شوێنی گونجاو و لەلایەن كەسی شارەزاوە بەكاربهێنرێت.
* تا ئێستا لە چەند نمایش و كاری هونەریدا بەشداریت كردووە؟
- تا ئێستا بۆم نەڕەخساوە، بەڵام نیازم هەیە چالاكیم هەبێت و نمایش بكەم، تا بتوانم خەندە و ماكیاژ بخەمە سەر روخساری منداڵان، یان لە بۆنە گشتی و تایبەتەكاندا رەنگی خەڵك بە چەندین وێنە و شێوە و ناو و پیتی جۆراوجۆر بكێشم، ئامادەشم ئەگەر كارێكی فیلمی ترسناك، یان هەر فیلم و بەرهەمێك پێویستی بەو بەهرەیەی من هەبێت، بەشدار دەبم.
* ئەو جۆرە ماكیاجی فەیسە زیاتر بۆ چ كات و شوێنێك گونجاوە؟
- ئەو جۆرە ماكیاژە بۆ كاتەكانی خۆشی و فیلم، یان بۆنەی وەرزشی بەكاردێت، دەكرێت وەك كارێكی كات بەسەربردن وەك چۆن لە فیستیڤاڵی رەنگەكانەوە زۆربەی ئامادەبووان روخساری خۆیان بە ماكیاژ و رەنگی جۆراوجۆر كردبوو، ئاوها بەكار بێت.
* بڕوانامەت لە یاسا هەیە، بەڵام چۆن توانیت پەرە بە كاركردن لە بواری دیكە بدەیت؟
- وەك خولیا و حەزێكی خۆم بۆ ئەو بوارە، كە لە فیلم و وێنەكانی ئینتەرنێت و چۆنێتی كێشانی وێنەی جۆراوجۆر وەك ترسناك و بۆ جوانی و كۆمێدی زۆر سەرنجم دەدا، ئێستا من كار دەكەم و دوای كارەكەم خەریكی ئەو كارە دەبم، تا بتوانم شتێكی دیكە فێر بم، بۆ ئەوەی بتوانم تازەگەری لە بەهرە و تواناكانمدا بكەم.
Top