كراسە نایابەكانی تیمبرلی بۆ خانمانی بووك

كراسە نایابەكانی  تیمبرلی بۆ خانمانی بووك
لەم وەرزەدا زەماوەند و ئاهەنگەكانی هاوسەرگیری روویان لە زیادبوونە، پێویستە بووكەخانیش شاجوانی ئاهەنگەكەی بێت، ئەو جوانییەش بەرجەستەتر دەبێت، كاتێك كراسێكی نایاب و جوانی لەبەر بێ، هەروەها ئارایشتێكی ناوازە و ماكیاژێكی ناسكیش بكات، بەتایبەت ماركەی تیمبرلی بۆ جل و بەدلەی بووك كە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا سێ لە جوانترین مۆدەكانی كراسی بووكیان داهێناوە، تۆش بە كامیان سەرسامی دەتوانیت دەستنیشانی بكەیت بۆ رۆژی زەماوەندەكەت، ئەوانیش ئەم جۆرانەن:
یەكەم: كراسی بووك لە شێوەی رەنگی كەرە، كە لە سەرەوەی تەسكە و لە خوارەوەش بەرین دەبێتەوە، بە خشڵ و ئێكسسوارەكانی تەرتەری بریقەدار رازاوەتەوە، قۆڵەكانی درێژن و سەر دەستی نییە، تا سەر مەچەك دەبێت و بەشێكی دەكەوێتە سەر دەست.
دووەم: كراسی بووك لە جۆری بەدی، كە تەواوی جەستە دەگرێت و بە جوانی دەریدەخات، بەشی پێشەوەی بە بەرد و كریستاڵەكان رازاوەتەوە، هەروەها موورو و مەرجانیش لەسەر سینگ و قۆڵەكان دانراون.
جۆری سێیەم: كراسی بووك لە جۆری حەریری، ئەمەش لە قوماشی حەریر چێ كراوە، شێوەیەكی نەرمونیانی پێوە دیارە، لە سەرەوە تا خوارەوە بە هەمان پێوەر دانراوە، قۆڵەكانی كراوەن و لە سەر دەستەكانەوە تەسك دەبنەوە، گوڵی بچووك و گەورەش لەسەر تەواوی كراسەكە بەدی دەكرێت.
Top