گۆپاڵ یان گۆچان، كەرەستەیەكی كۆن و دێرێنە، نازانرێت بۆ یەكەم جار كەی دروست كراوە، داردەستێكە بۆ هاوسەنگیی جەستە بەكار دێت و یارمەتیدەرە بۆ ئەوانەی ناتوانن بە جوانی بڕۆن، هەروەها وەك كەرەستەیەكی كەلەپوور و كوردەواری بە دەستی بەساڵاچووانەوە دەبینرێت، زۆر جار وەك دیاری بە كەسانی دیار دەبەخشرێت، تەنانەت شوان و گاوانەكانیش وەك كەرەستەیەك بۆ سەركەوتن و هەڵگەڕان بەسەر كێو و شوێنە بەرز و نزمەكاندا بەكاری دەهێنن. گۆپاڵ لە چەندین جۆرە دار دروست دەكرێت، لەوانە:داری بناو، دارگوێز، دارتاوك و هەلهەلۆكە و چەندانی دیكە، بەڵام دیاترینیان دار كنێرەیە، كە هەم بۆنی خۆشە و هەمیش بەهێزە، لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان گۆپاڵ دروست دەكرێت، بە تایبەت ناوچەكانی مێرگەسوور و هەورامان جوانترین گۆپاڵ دروست دەكەن، جیاوازیی نێوان گۆپاڵ و گۆچان زیاتر لە شێوەی سەرەوەیدایە واتە ئەو شوێنەی بە دەست دەگیرێت، گۆپاڵ زیاتر چەماوە و لە شوێنی بازنەی تەواونەكراو دروست دەكرێت، بەڵام گۆچان لە داری خۆڕسك وەردەگیرێت، كە لەسەرەوە راستەهێلێیكی بچووكە و دواتریش لە خوارەوە درێژ دەبێتەوە، گۆپاڵ لە گۆچان بە هێزترە، تەنانەت بۆ كاتی بەرگری و شەڕیش بەكاردەهێنرێت، چەندین رێگە هەن بۆ دروستكردنی گۆپاڵ و گۆچان لەوانە: دروستكردنی قاڵبی گۆپاڵ لەسەر دارێك، كۆلكە دارێك دەهێنرێت بە مەرجێك بەهێز و پتەو بێت، دواتر ئەو دارە لەسەر پارچە دارێك بە شێوازی بازنەیی هەڵدەكۆڵدرێ كە قاڵبی گۆپاڵ دروست بكات، مەرجە پاكیش بكرێتەوە تا ئەو دارەی دەخرێتە ناوی بچەمێتەوە و ببێتە گۆپاڵ و جوان دەربچێت، رێگەیەكی دیكەش هەیە كە دروستكردن و چەماندنەوەی كەمەی گۆپاڵ و گۆچانە، سەرەتا شێنە و لقی دارێكی تەڕ دەهێنرێن و پاشان لە قاڵب دەدرێن، لە نزیك قاڵبەكەش ئاگر دەكرێتەوە و بەشێكی دارەكە دەخرێتە ناو ئاگرەكە تا گەرم ببێت، دواتر بە هۆشیارییەوە دەخرێتە ناو قاڵبەكە، ماوەی چەند رۆژێك دەمێنێتەوە تا بە ئەندازەی قاڵبەكە رەق دەبێت و شێوەی بازنەی تەواونەكراو وەر دەگرێت، هاوكات رێگەی دیكەش هەن، لەوانە بە چەقاندنی لقە دارێكی دوو سەرە كە مەرجە ئەستوور بێت، لقێكی بە شێوەی بازنەیی پاك دەكرێت، تا شێوەی گۆپاڵ و گۆچانی لێدەردەچێت.