شەوانی رەمەزانی كوردستان

شەوانی رەمەزانی كوردستان
خەڵكی كوردستان، بە رۆژ رۆژووی خۆیان دەگرن و شەوانی رەمەزانیشیان پیرۆز و خۆشتر دەكەن، لە سەروبەندی ئێوارەوە، سەر مێز و خوانی ئێوارەیان بە چەندین خواردن و شیرنەمەنی و شتی خۆش دەڕازێننەوە، كابان و خانمانیش چێشتی خۆش و بە جۆش بۆ ئەندامانی خێزانەكەیان ئامادە دەكەن، لە دوای رۆژووشكان و بەربانگ، گەنجان و لاوان، روو لە شوێنە گشتییەكان دەكەن و لەگەڵ هاوڕێیان و كەسانی نزیكیان باس و خواسی رەمەزان و ژیانی رۆژانەیان دەكەن و شەوانەی خۆیان بە خۆشترین كات بەسەر دەبەن، كچانیش لەگەڵ ئەندامانی ماڵەوەیان سەردانی مۆڵ و باخچە و پاركەكان دەكەن، تا ساتێكی خۆش بەسەر ببەن، ئەمساڵیش بازاڕێكی ناوەندی و تایبەت بۆ ئافرەتان و كچان كراوەتەوە، كە بە بازاڕی (داون تاون) بەناوبانگە، لەو بازاڕەدا شەوانە ئاهەنگی خنجیلانە و یاری بەڕێوەدەچێت، هەروەها سكرینێكی گەورەش دانراوە و خەڵك بەدیاریەوە دادەنیشن و خواردن و شەربەت نۆش دەكەن، كە شوێنێكی گەشتیارییە و تایبەتە بە كەرەسەتە و كەل و پەلی خانمان. ئەم رەوشە سەقامگیر لە سایەی قارەمانیەتی پێشمەرگەیەوە كە خەڵكی بە ئارامی ژیان بەسەر دەبەن. دووكانەكانی بەرووبوومی خواردنی بەیانیانیش تا پارشێو كراوەن و كۆمەڵێك خواردنی كوردەواری هەن لەوانە: پەنیر، ژاژی، لۆر، قەیماغ، سەڵتوو، ماست، ئەستوورك و كولێرە بە رۆن، هەموو ئەوانە بەردەست دەبن، كە كولێرە و نانی گەرم بۆ ماڵ دەبەنەوە و لەگەڵ ئەندامانی خێزان بە یەكەوە پارشێویان پیرۆز دەكەن و خۆیان بۆ رۆژێكی دیكەی رەمەزان ئامادە دەكەن.
Top