لە رەمەزاندا بەم هەنگاوانە پێستت لە وشكبوون بپارێزە

لە رەمەزاندا بەم هەنگاوانە پێستت لە وشكبوون بپارێزە
مانگی رەمەزان كۆمەڵێك سوودی بۆ تەندرووستی و جەستە هەیە، بەڵام نەخواردنەوەی ئاو و نەخواردنی هیچ خواردنێك بە درێژایی رۆژ، دەبێتە هۆی وشكبوونی پێست، ئەو وشكبوونەش هۆكارە بۆ تێكچوونی جوانی و نەرمونیانی پێست، بەڵام چارەسەریش لەلایەن پسپۆڕانی پێست و جوانكاری لە چەندین خاڵدا روون كراوەتەوە و ئەگەر ئافرەتان بەڕۆژووش بوون، ئەو رێگایانە بگرنە بەر، پێستیان هەردەم نەرم و دوور دەبێ لە وشكبوون، لێرەوە ئاشنای رێنماییەكان بە:
- هەوڵبدە لە دوای رۆژووشكاندن تا پارشێو زیاتر لە (8) كووپ ئاو بخۆیتەوە، هەروەها خواردنەوەی دیكەش لە بیر مەكە، وەك چای سەوز و ئاوی میوە، تا بۆ بەیانی بڕی ئاو لە نێو جەستەت كەم نەبێ.
- دوور بكەوە لە خواردنی شیرنەمەنی و خواردنەوەی بەروبوومی شیر، چونكە بە وشكبوونی پێستت، شیرنەمەنی و بەروبوومی شیر دەبێتە زیبكە و قینچكە و وردە خاڵ، هەروەها گوێز و گازۆ و فستقیش بخۆ، چونكە بەسوودن بۆ پاراستنی پێست.
- خەوێكی باش بكە، ماوەی نووستنت دیاری بكە، تەڕكردنی ژێر چاوەكانیشت لە بیر مەكە، كە هەفتانە (3) جار بە كە مادەی سارد ماسكی بۆ بكە تا دوور بێت لە پەڵەی رەش.
- واباشە دوای پارشێو، میوە و سەوزە بخۆیت، یان دەتوانی بیكەیتە زەڵاتەیەك، چونكە میوە و سەوزە لە پێكهاتەیاندا ریشاڵ هەیە و ئەمەش وادەكات، بە درێژایی رۆژ پێستت بە دوور بێت لە وشكبوون.
كاتێك دەچیتە دەرەوە، هەوڵبدە كرێمی دژە هەتاو بەكاربهێنیت، تا گەرمی خۆر كاریگەری نەبێت لە وشكبوونی پێستت، هەردەم بە ئاوی شلەتێن دەم و چاوت بشۆ، دوای شوشتنیش بە كرێم تەڕیان بكە.
Top