وەرزی دروێنەیە و خەرمان بەرەكەت

وەرزی دروێنەیە و خەرمان بەرەكەت
مانگی جۆزەردانە، ئیدی رەنگی گەنم و جۆ زەرد دەبن و بانگی جووتیاران دەكەن كە بە هانایانەوە بێن و دروێنەیان بۆ بكەن. جاران دروێنە بە داس و قیناغ دەكرا. قیناغ لە پەنجە دەخرا تا بەر نووك و تیژیی داس و داسۆڵەكە نەكەوێت، دوای ئەوەی بەرووبوومی گەنم (كە پێی دەگوترا گەلاوێژ و جۆش كە پێی دەگوترا جیشە) كۆ دەكرایەوە، گەلاوێژ و جیشەیان بە شەغرەی بار دەكرد و پاشان دەبردرایە سەر جۆخینان، پاشان لەسەر یەك كۆدەكرایەوە و دواتر بە جەنجەڕ دەكوترا. پاش ئەوەی دەكوترا ئینجا شەنەبا دەكرا، تا بەربوومەكە ژێر بكەویت و سەرەوەشی بە گێسك هەڵدەگیرا. ئەوەی دەمایەوە دەبووە (كا) و ئەو كایەش بە ئاژەڵ دەدرا. كوزریش هەیە كە دەنكە گوڵە و هەندێك دانەوێڵەی تێدایە، ئەویش كۆدەكرایەوە و بە ئێستر بەسەری دەكەوتن تا گوڵەگەنمەكەی لێی جیا بكەنەوە. جاران سەپان هەبوو، كاری سەپانان دروێنەی تەبارە و دەغڵ و دان بوو، لەگەڵ ئاواز و بەستە و گۆرانی كوردی، ئیدی پشتی وەبەر دەغڵ و دان دادەدا و تا ماندوو دەبوو سەری بەرز نەدەكردەوە لە كاركردن، هەر عەربە دانەوێلە (8) قەزناغە و (32) رووبەیە، ئێستا بە تەن مامەڵە لەگەڵ دانەوێڵە دەكرێت، تەنێك گەنم دەكاتە نزیكەی (3 تا 4) عەربە و جۆش (4) عەربە بەسەرەوەیە. دروێنەی ئێستا بە دەڕاسەیە و كاری جووتیارانی ئاسان كردووە، خۆی هەموو هەنگاوەكانی دروێنە دەكات، دوای دروێنە كردن بەروبوومەكەیان دەبەنە سەر جۆخینان، یان بە سایلۆكان دەدرێت، ئەوەی لە كێڵگە دەمێنێتەوە دەبێتە پەرێز و دواتر مەڕ و ماڵاتی تێوەردەكەن تا ئەوەی ماوەتەوە، نۆشی بكەن، قەسەریش هەیە كە لە دوای دەڕاسە دەمێنێتەوە، ئەو كۆمەڵە قەسەرە لە مەكینە دەدرێت و دەكرێتە كا، ئینجا یان بە ئاژەڵان دەدرێت، یان هەڵدەگیریت تا وەرزی زستان و ئەوكاتە بە مەڕ و ماڵات دەدرێت.
Top