لە ماوەی چەند ساڵەی رابردوودا، كوردستان بە گشتی و پارێزگای هەولێر بە تایبەتی، پێشكەوتنێكی خێرایان لە بواری گەشت و گوزار و وەبەرهێناندا بەخۆوە بینیوە، ئەو پرۆژە گەشتیارانە بوونەتە مایەی دڵگیری، وێڕای ئەوەی خەڵكی شارەكانی دیكەی عێراقیش وەك گەشتیار روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ سەردانی ئەو ناوچانە. یەكێك لە جوانترین و تازەترین پرۆژەكانی گەشت و گوزار لە كوردستان، دانانی هێڵی گەشتیاری ئاسمانیە ئەوەی پێ دەگوترێت (تیلیفریك)، تاوەكو ئێستا سێ پرۆژەی لەم جۆرە لە شارەكانی كوردستاندا هەن، یەكەمیان هەردوو پاركی شانەدەر و منارە بەیەكتر دەبەستێتەوە لە هەولێرە، ئەوەی دووەمیش لە شاری یاری چاڤی لاندە لە سلێمانی، سێهەمینیش لەسەر چیای كۆڕەك دانراوە. تیلیفریكی كۆڕەك دەكەوێتە چیای كۆڕەك سەر بە قەزای سۆرانە، درێژی ئەو تیلیفریكە دەگاتە (3) كیلۆمەتر و لە خوارەوە تاوەكو سەرەوەی چیای كۆڕەك دەبێ، جێگەی ئاماژەیە چیای كۆڕەك بە بەرزی (2127) مەتر لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزە و لەسەر ئاستی راستایی زەویش نزیكەی (1500) مەتر دەبێ، ئەو تیلیفریكەش كاریگەریی هەیە بەهۆی ئەوەی خەڵكێكی زۆر رووی تێدەكەن و رۆڵی هەیە لە راكێشانی ژمارەیەكی زۆری گەشتیاران لە ناوچەكە.