زمانە نهێنییەكەی ڕیمۆت كۆنتڕۆڵەكان
ئایا تا ئێستا بیرت كردووەتەوە كاتێك دوگمەیەك دادەگریت، چۆن تەلەفزیۆنەكە دەزانێت چی بكات؟ ئەوە سحر نییە، بەڵكو زمانی ڕووناكییە، كاتێك پەستان دەخەیتە سەر دوگمەیەك، چیپێكی ناوەوەی ڕیمۆتەكە فەرمانەكەت دەگۆڕێت بۆ كۆدێكی دیجیتاڵیی سفر و یەك. ناردن: گڵۆپێكی بچووك (LED) لە سەری ڕیمۆتەكە بە خێراییەكی بێوێنە دەست دەكات بە لێدان (Flash). ئەم لێدانانە تیشكی ئینفرارێدنە و چاوی مرۆڤ نایانبینێت. وەرگرتن: هەستیارێكی تایبەت لە ناو تەلەفزیۆنەكە ئەم لێدانە تیشكییانە وەردەگرێت و كۆیان دەكاتەوە دەیانخوێنێتەوە، بۆ نموونە دەزانێت كە مەبەستت بەرزكردنی دەنگە. تیشكی ئینفرارێد بە هێڵێكی ڕاست دەڕوات و ناتوانێت بە دیوارەكاندا تێپەڕ بێت، بۆیە دەبێت ڕیمۆتەكە ڕاستەوخۆ ئاراستەی ئامێرەكە بكەیت. هەروەها هەر كۆمپانیایەك شفرەی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ ئەوەی ڕیمۆتی جۆرێك تەلەفزیۆن كار نەكاتە سەر جۆرێكی دیكە.
