بێـدەنگیی ناو بەفـری كـوردستان
كاتێك سەردانی شوێنێك لە ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان دەكەیت، كە بەفر نەباریوە، دەنگە دەنگ هەیە، ئەگەر سەردانی هەمان شوێن لە كاتی بەفربارینەوە بكەیت، بێدەنگییەكی سەیر لەویدا تێبینی دەكەیت، نهێنیی ئەو بێدەنگییە سەیرە چییە كاتێك بەفر دەبارێت، هەستت كردووە كاتێك بەفر دەبارێت، ژینگە زۆر هێمن و بێدەنگ دەبێت و دەنگەكان نامێنن؟ بەهۆی ئەوەی دەنكەكانی بەفر پێكهاتەكەیان بۆشایی زۆری تێدایە، وەك ئیسفەنج كار دەكەن و لەجیاتی ئەوەی وەك زەوی و دیوار دەنگ بدەنەوە شەپۆلەكانی دەنگ هەڵدەمژن. زانایان دەڵێن بەفرێكی تازە دەتوانێت نزیكەی ٦٠٪ی دەنگەكان كپ بكاتەوە! تەنانەت ئاژەڵە ڕاوكەرەكانی وەك گورگ و ڕێوییش لە كاتی بەفردا كێشەیان بۆ دروست دەبێت، چونكە بەهۆی ئەم بێدەنگییەوە ناتوانن بە ئاسانی گوێیان لە هەنگاوی نێچیرەكانیان بێت. وەك نەریتێكی كۆن و خۆش حەز دەكەین كاتێك بەفر دەبارێت، تێكەڵ بە دۆشاو یان شەربەتی بكەین و بیخۆین، بەڵام ئایا دەزانن لەڕووی زانستی و ژینگەییەوە، ئەو بەفرە چی تێدایە؟ بەداخەوە، بەفر وەك فیلتەرێك كار دەكات بۆ پاككردنەوەی هەوا، كاتێك دەنكەكانی بەفر لە ئاسمانەوە دێنە خوارەوە، هەموو پیسییەكان لەگەڵ خۆیاندا كۆ دەكەنەوە. بەفر چی تێدایە؟ دووكەڵی ئیگزۆز ی ئۆتۆمبێل و كارگەكان (Soot) بە بەفرەكەوە دەنووسێت، بەكتریا تۆز و ئەو میكرۆبانەی لە هەوادان تێكەڵ بە بەفرەكە دەبن، كانزا قورسەكان لە شارە گەورەكاندا،هەموو ئەمان تێكەڵی بەفرەكە دەبن، بۆیە پاك نییە.
