ئابووریی بەریتانیا گەورەترین پاشەکشەی لە مێژووی خۆیدا تۆمارکرد

ئابووریی بەریتانیا گەورەترین پاشەکشەی لە مێژووی خۆیدا تۆمارکرد

ئابووریی بەریتانیا بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ و داخستنی بازاڕەکانەوە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا زیانی گەورەی بەرکەوتووە، بەجۆرێک ئابووریی ئەو وڵاتە بە رێژەی 20% پاشەکشەی کردووە و ئەوەش گەورەترین پاشەکشەیە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا تۆمارکرابێت.

پاشەکشەی ئابووریی بەریتانیا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ لەگەڵ سەپاندنی رێکارە خۆپارێزییەکان دەستیپێکرد کە ئەوەش یەکەمجار بوو دوای ساڵی 2009 گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە روو لە لاوازبوون بکات.

تێج پاریک، ئابووریناس دەڵێت "ئەوە روونە کە بەریتانیا دووچاری پاشەکشەی ئابووری بووە کە گەورەترینیانە لە مێژوودا. ئابوورییەکەی لە دووەم چارەکی ئەمساڵدا بە رێژەی نزیکەی 20٪ بچووکبووەتەوە کە ئەمەش گەورەترین پاشەکشەیە ئابووریی هەر وڵاتێکی پێشکەوتوو بەهۆی پەتای کۆرۆنا تۆماریکردبێت".

ئێستا حکومەتی بەریتانیا خۆی ئامادە دەکات بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان و ئاساییکردنەوەی بەشێک لە بازاڕ و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی بۆئەوەی ئابووریی وڵاتەکە گەشەبکاتەوە؛ بەڵام بە گوتەی بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، پێناچێت ئابووریی ئەو وڵاتە بە ئاسانی و لە ماوەیەکی کەمدا قەرەبووی ئەو پاشەکشەیە بکاتەوە.

بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاندووە "ئەوەی دەمانەوێت بیبینین ئەوەیە کە گەشەی ئابووری و تەندروستی بگەڕێتەوە دۆخی جاران. هەندێک بەشی ئابووری زۆر بە باشی ماونەتەوە، بەڵام روونە کە چەند مانگی داهاتوو ئاستەنگیان تێدا دەبێت و رێگەیەکی زۆر درێژمان لەپێشە. هیچ گومانێکم نییە کە بەهۆی ئەو بەرنامەیەی وەبەرهێنانمان تێیدا کردووە، هەموو ئەو شتانەی کە دەیانکەین، هاوکاری ئەم وڵاتە دەکەن لەم دۆخە ئابوورییە دەربازی ببێت و لە هەر کاتێک لە جاران بەهێزتر ببێتەوە".

بەشێوەیەکی گشتی، ئابووریی هەموو وڵاتە ئەوروپییەکان پاشەکشەیان کردووە، بەڵام هیچ کامێکیان وەکو بەریتانیا زەرەرمەند نەبوون؛
ئابووریی فەرەنسا بە رێژەی 13.9٪، کەنەدا 12٪ و ئەڵمانیا 10.1٪ پاشەکشەی کردووە.


rudaw
Top