شاندێكی كەنەدی بۆ سۆراخی چوار منداڵی رفێنراو دەچێتە قەندیل
هۆكاری سەردانی كەنەدییەكان بۆ قەندیل، دەگەڕێتەوە بۆ سۆراخكردن و بەدواداچوون بۆ چارەنووسی 4 منداڵی رفێنراوی كەنەدی، كە لەلایەن كەسێكەوە بەناوی "د. سارین ئازەر"ەوە رفێنراون و رێگەیان نادات بگەڕێنەوە كەنەدا.
د. سارین.. باوك یان رفێنەری منداڵەكانی
د. سارین ئازەر، ناوی تەواوی "سەڵاحەدین مەحمود ئازەر"ە، لە بنەڕەتدا خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە، دوای وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لە كەنەدا، وەك پزیشك كار دەكات و لەوێ ژنێك بەناوی ئەلیسۆن دەناسێت، دواتر هاوسەرگیری دەكەن، ئەوان دایك و باوكی4 منداڵن، كە 2 كوڕ و 2 كچن.
لە ساڵی 2014، د. سارین و ئەلیسۆنی هاوسەری، بە فەرمی لە دادگا لێك جیا دەبنەوە، لە بارەی چارەنووسی منداڵەكانیش، دادگا بڕیار دەردەكات بە نۆرە لەلای دایك و باوكیان بمێننەوە.
لە كۆتایی 2015 دا كاتێك منداڵەكان لای باوكیان دەبن، سەڵاحەدین ئازەر سواری فڕۆكەیان دەكات و دەگەڕێنەوە سلێمانی، دواتریش بەناوی گەیاندنی دەرمان و هاوكاری پزیشكی بۆ پەكەكە، سەڵاحەدین ئازەر منداڵەكانی دەباتە قەندیل و ئیدی ناگەڕێتەوە.
ناوچەی جەنگ..
وێبسایتی ناشناڵ پۆستی كەنەدی، رۆژی 11ی 3ی 2016، راپۆرتێكی لە بارەی رووداوەكە بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت: "چوار منداڵی كەنەدی لەناوچەیەكی جەنگدا دەستبەسەركراون و پێناچێت هیچ كەسێك هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەیان بدات".
هێمن عەبدوڵڵا، كە بە هێمن خۆشناو ناسراوە رۆژنامەنووسە و پێشتریش ئەندامی پەكەكە بووە، لەم بارەیەوە راپۆرتێكی لەسەر رووداوەكە بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەكات، كە هیچ شاندێكی ئەمەریكی سەردانی قەندیلی نەكردووە، ئەوانەی چوونەتە قەندیل، كەنەدین و بۆ وەرگرتنەوەی ئەو چوار منداڵە كەنەدییە چوونەتە ناوچەكە.
بە گوێرەی راپۆرتەكەش، كە پشتی بە چەند سەرچاوەیەكی جیاواز و باوەڕپێكراو بەستووە، ئەلیسۆن، كە دایكی منداڵەكانە، ئینتەرپۆل سكاڵای لەسەر سەڵاحەدین تۆماركردووە و بە رفاندنی منداڵەكانی تۆمەتباری كردووە، ئینتەرپۆلیش لە چەندین فڕۆكەخانەی وڵاتانی ئەوروپا، پۆستەری داواكردنی زانیاری لە بارەی سەڵاحەدین هەڵواسیوە.
سۆراخكردن لە مەهاباد
هێمن عەبدوڵڵا لە راپۆرتەكەیدا، كە بەهاوبەشی ئامادەی كردووە، دەڵێت: "دوو بۆچوونی جیاواز لە بارەی مانەوەی سەڵاحەدین لە ناو پەكەكەدا هەیە، یەكەمیان؛ گوایە سەڵاحەدین لە كەنەدا هاوكاری پەكەكەی كردووە و لۆبی بۆ كردووە. دووەمیان؛ سەڵاحەدین ناسیاوی لەناو پژاك هەیە و توانیویەتی لەو رێگەیەوە لەناوچەكە بمێنێتەوە".
لە بەشێكی راپۆرتەكە ئاماژە بەوە كراوە، كە ئێستا سەڵاحەدین لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ناو كەسوكاری خۆیدا دەژی.
بەگوێرەی راپۆرتەكە (ئەلیسۆن ئازەر) هاوسەری پێشووی سەڵاحەدین و دایكی چوار منداڵەكە، ساڵی 2018 بۆ دۆزینەوەی منداڵە رفێندراوەكانی سەردانی ئێران و مهابادی كردووە، بەڵام نەیتوانیوە هیچ بەهیچ بكات و بەدەست بەتاڵی ئێرانی بەجێهێشتووە.
K24
