ئیسرائیل: چوار چەکدارمان کوشت کە لە سووریاوە هەوڵی بەزاندنی سنووریان دەدا

ئیسرائیل: چوار چەکدارمان کوشت کە لە سووریاوە هەوڵی بەزاندنی سنووریان دەدا
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 3ی ئاب، لە هێرشێکی ئاسمانیدا چوار چەکداریان کوشتووە کە "هەوڵیانداوە لە سووریاوە دزەبکەنە نێو خاکی وڵاتەکەیانەوە".

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، ئەو چوار چەکدارە هەوڵیانداوە بە درێژایی دیواری سنووری نێوان ئیسرائیل و سووریا، مین و تەقەمەنی بچێنن.

رووداوەکە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان لە سنووری باکووری ئیسرائیل لەگەڵ هەریەکە لە سووریا و لوبنان دوای ئەوەی کە ئیسرائیل بە بۆردوومانی فڕۆکە، چەکدارێکی حیزبوڵڵای لوبنانیی لە سووریا کوشت، دوای ئەوەش لە سنووری سووریاوە چەند مووشەکێک ئاراستەی ئەو بەشەی بەرزاییەکانی جۆلان کران کە ئیسرائیل کۆنترۆڵی دەکات.

دواتریش ئیسرائیل لەڕێگەی دوو هێلیکۆپتەری سەربازییەوە چەند پێگەیەکی سوپای سووریای لەو ناوچانە بۆردوومان کردووە.

کۆڵۆنێڵ جۆناسان کۆنریکەس، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێشتا زووە هیچ گرووپ و لایەنێک لەو رووداوە بە بەرپرسیار بزانن، بەڵام ئێستا ئەوان "رژێمی سووریا بە بەرپرسیار دەزانن".













رووداو
Top