ترەمپ لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانیان لە ئەڵمانیا: نامانەوێت چیدی بماندۆشن

ترەمپ لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانیان لە ئەڵمانیا: نامانەوێت چیدی بماندۆشن
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی بەشێک لە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ئەڵمانیا رایگەیاندووە "نامانەوێت چیدی بماندۆشن". وەزیری بەرگریی ئەمریکاش دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی بڕیاریداوە 11 هەزار و 900 سەرباز لە ئەڵمانیا بکشێنێتەوە، کە پێنج هەزار و 600 سەربازیان لە وڵاتانی ئەوروپا جێگیردەکات، کە زۆریان لە بەلجیکا و ئیتاڵیا دەبن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هێزەکانیان لە ئەڵمانیا رایگەیاندووە "هێزەکانمان لەوێن بۆئەوەی پارێزگاری لە ئەوروپا و ئەڵمانیا بکەن، باشە؟ دەبێت ئەڵمانیا تێچووی ئەمە لەئەستۆ بگرێت. ئەڵمانیا پارەی ئەمانە نادات. نامانەوێت چیدی بماندۆشن، 25 ساڵە وڵاتان ئەمریکا بەکاردەهێنن".

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەوان پارێزگاری لە ئەڵمانیا دەکەن، بەڵام ئەو وڵاتە پارە نادەن، دەشڵێت، ئەڵمانیا تۆمەتبارە چونکە بە ئەرکی خۆیان هەڵناسن.

هاوکات مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن ئاماژەی بەوەش کرد، بەنیازن بەشێکی دیکەی ئەو هێزانە لە پۆڵەندا و وڵاتانی باڵتیک جێگیربکەن، ئەگەر لەگەڵ ئەو وڵاتانە بگەنە رێککەوتن.

لە کۆی ئەو 11 هەزار و 900 سەربازە ئەمریکییەی لە ئەڵمانیا دەکشێنرێنەوە، بە گوتەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، شەش هەزار و 400یان دەگەڕێندرێنەوە ئەمریکا و پێنج هەزار و 600 سەربازیش لە وڵاتانی دیکەی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ جێگیردەکرێن.

ئێسپەر دەڵێت، مەبەست لە جێگیرکردنی ئەو سەربازانە لە وڵاتانی ئەوروپا، بەهێزکردنی ناتۆ و بەرگرییە دژی رووسیا.

ئەمریکا نزیکەی 36 هەزار سەربازی لە ئەڵمانیا هەیە، بە کشاندنەوەی ئەو سەربازانە، نزیکەی 24 هەزار سەربازی لە ئەڵمانیا دەمێننەوە.

هەفتەی پێشوو حاکمی هەریەکە لە ویلایەتەکانی باڤاریا، ویبادن، فیرتیمبێرگ و راینلاندبالاتینیتی ئەڵمانیا، نامەیەکیان ئاراستەی 13 ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا کرد، تێیدا داوای وەستاندنی پلانەکانی تایبەت بە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکایان لە وڵاتەکەیان کرد.












رووداو
Top