ئەڵمانیا سەرباز دەنێرێتە لیبیا
سەربازان لە چوارچێوەی "ئەرکی ئیرینی" یەکێتیی ئەوروپا دەنێردرێن کە بەپێی ئەو ئەرکە رێگە لە هەناردەکردنی چەک بەشێوەی نایاسایی بۆ خاکی لیبیا دەگیرێت؛ لەو نێوەندەدا بڕیاری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەیە کە گەمارۆی چەکی لەسەر ناوچەکە داناوە.
بەمەبەستی چاودێریکردنی دۆخەکە، هەفتەی داهاتوو کەشتییەکی سەربازی بەناوی ''هامبۆرگ'' لە ئەڵمانیاوە بە 250 سەربازەوە بەرەو لیبیا بەڕێدەکەوێت. ئەو سەربازانە لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ئەمساڵدا لە کەناراوەکانی لیبیا دەست بە ئەرکەکانیان دەکەن.
پێکدادانی نێوان هێزەکانی فایز سەڕاج و هێزەکانی خەلیفە حەفتەر بەردەوامە؛ هەریەک لە میسر، سعودیە، رووسیا و ئیمارات پشتیوانی لە حەفتەر دەکەن و تورکیاش بەشێوەیەکی راستەوخۆ پشتیوانی لە هێزەکانی سەڕاج دەکات و سەربازانی خۆی بۆ ئەو وڵاتە ناردووە.
فەرەنسا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، تورکیا بە پێشێلکردنی سنوورەکان تۆمەتبار دەکەن و باس لەوە دەکەن کە تورکیا چەکدارانی سەر بە گرووپە سوورییەکان بۆ وڵاتی لیبیا دەنێرێت.
تورکیاش ئەو وڵاتانە تۆمەتبار دەکات بەوەی پشتیوانیی هێزەکانی خەلیفە حەفتەر دەکەن، لەکاتێکدا ئەو هێزانە رەوایەتییان لای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە.
رووداو
